سەردێڕ:

ئەندامێکى ئەنجومەن: هەوڵى هاوردەکردنى ١٦ بارهەڵگر جبسى خراپبوو دەدرێت

فۆتۆ: 
2019-07-09

1902 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، گەرمیان، گەرمیان حەمەى پور

هەوڵى هاوردەکردنى ١٦ بارهەڵگر جبسى ئێرانى دەدرێت کە زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە لەبەر خۆر ماونەتەوە و ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانیش ڕێگرى لێ دەکات.

کەریم عەلى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، لە ڕێگەى دەروازەى نێودەوڵەتى پەروێزخانەوە هەوڵى هاوردەکردنى ١٦ بارهەڵگر جبسی ئێرانى دەدرێت کە گومان دەکرێت خراپ بووبێت.

وتیشی، ئەو بارانە بەهۆى هەندێ کێشەى گومرگییەوە ماوەى ٤٠ ڕۆژە لەبەر خۆر ماونەتەوە.

بەوتەى ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بەرپرسانى چاودێریی بازرگانى گەرمیان پێیان ڕاگەیاندووە کە جبس لە کەشوهەوایەک کە لە ٢٥ پلەى سەدى زیاتر بێت خراپ ئەبێت، بەڵام ٤٠ ڕۆژە ئەو جبسە لە دەروازەى نێودەوڵەتى پەروێزخاندا لەبەر خۆرو لە نزیکەى ٥٠ پلەى سەدی ماوەتەوە.

ئەوەشى وت، کە تا ئێستا توانیویەتى ڕێگرى بکات لە هاتنى ئەو جبسە و داواى کردووە نمونەى هەر بارێک ببات بۆ تاقیگەیەکى باوەڕ پێکراو، بەڵام پێی نادەن و بە بیانووى ئەوەى هیچ کێشەیەکى تەندروستى نییە هەوڵى هاوردەکردنى بۆ ناو هەرێم ئەدرێت.

ڕاشیگەیاند، داواى لە بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى بازرگانى گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانى تر کردووە ڕێگە بگرن لە هاوردەکردنى ئەو جبسە تا ئەو کاتەى پشکنینى بۆ ئەکرێت، بەڵام هیچ لایەنێک ئامادە نەبووە هاوکارى بکات.

ب.ب