سەردێڕ:

تره‌مپ ره‌خنه‌ی توندی له‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ واشنتۆن گرت

فۆتۆ: 
2019-07-09

2107 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ واشنتۆن، كیم دارۆچ، كه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرێت به‌ تره‌مپی گوتووه‌ "بێتوانا"، رایگه‌یاند: "ئیتر له‌گه‌ڵیدا كارناكه‌ین".

دۆناڵد تره‌مپ له‌ هه‌ژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویته‌ر، روونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ وڵاته‌كه‌ی دا، كه‌ به‌شێك له‌ گوته‌كانی دزه‌ی پێكرابوون و بڵاوكرابوونه‌وه‌.

تره‌مپ جه‌ختی له‌وه‌كردووەتەوە، شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی تێرێزا مه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، له‌باره‌ی برێكسیته‌وه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌ و رایگه‌یاند: "من پێم گوت كه‌ ئه‌م كاره‌ پێویسته‌ به‌چ شێوه‌یه‌ك ئه‌نجامبدرێت به‌ڵام ئه‌و بڕیاریدا رێگه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ڵبژێرێت".

له‌باره‌ی باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ واشنتۆن، كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا ژماره‌یه‌ك گوته‌ی نه‌رێنی له‌باره‌ی تره‌مپه‌وه‌ بۆ میدیای به‌ریتانی دزه‌پێكرابوو، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنێت ره‌خنه‌ی ئاڕاسته‌كرد و رایگه‌یاند: "باڵیۆزه‌كه‌ ناناسم به‌ڵام له‌ واشنتۆن حه‌ز به‌ چاره‌ی ناكرێت و به‌ باشی له‌باره‌یه‌وه‌ بیرناكرێته‌وه‌. چیتر له‌گه‌ڵیدا كارناكه‌ین. هه‌واڵی خۆش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شانشینی یه‌كگرتووی مه‌زن له‌دوای ماوه‌یه‌كی كورت سه‌رۆك وه‌زیرانێكی نوێی ده‌بێت".

ئەمەش لە دوای ئەوە هات، حکومەتی بەریتانیا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە سەبارەت بە دزەپێکردنی چەند نامە و یاداشتێکی ئەلکترۆنی لە باڵیۆزی وڵاتەکەیەوە لە واشنتۆن، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بە "گەمژە" ناوبردووە  و پێی وایە خاوەنی ئەمانەت و لێهاتووی نییە.

ئەو هەڵوێستەی حکومەت دوای لێدوانێکی تۆم توگندهات سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی گشتی "پەرلەمان"ی بەریتانیا هات، کە ڕایگەیاندبوو، ئەوەی دزەی بەو زانیارییانە کردووە هەر کەسێک بێت دەبێت لێکۆڵینەوەی لە گەڵدا بکرێت.