سەردێڕ:

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا باس لە بودجەی هەرێم دەکات

فۆتۆ: 
2019-07-09

16590 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا رایگەیاند، پێشنیازێک پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کراوە ئەگەر هەرێم رۆژابە ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا نەکات، ئەوا لە بەشە بودجەکەی دەبڕدرێت کە بڕەکەی ١٠ ترلیۆن دینارە.

یوسرا رەجەب سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئاماژەی بەوە کرد، "دەربارەی بابەتی رادەستکردنی رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەوە بەشێکە لە بڕگەکانی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، لە سەرەتاوە ئێمە کۆتاییمان بەو بابەتە هێناوە و چاسەر ئەوەیە راستەوخۆ یاساکە جێبەجێ بکرێت، نەوەکو بیر لە چارەسەری تر بکرێتەوە."

باسی لەوەش کرد، "ئێمە نوێنەری گەلین و سوێندمان خواردووە کە دڵسۆزی گەل بین، بەتایبەتی گەلی کورد، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بکات."

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاشکراشیکرد، "بەگوێرەی پێشنیازێک کە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتە نەنێرێت، ئەوا لە بەشە بودجەکەی دەبڕدرێت، کە بڕەکەی ١٠ ترلیۆن دینارە، لەو حاڵەتەشدا گەلی کورد ستەمی لێدەکرێت، لەبەرئەوەی داهاتەکانی نەوت و پرۆسەی فرۆشتنی نەوت روون نییە."

ئەوەشی خستەڕوو، "لەبەرئەوە داوای جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیەی یاسای بودجە دەکەم وەکو خۆی، هەروەها داوای رادەستکردنی رۆژانە  ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتیش لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەکەم، بۆئەوەی قوتی گەلی کورد نەبڕدرێت."

لە ماوەی ڕابردووشدا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم باسیان لەوە کرد، کە پێویستە هەلی دانوستان لەگەڵ بەغدا لەدەستنەدەن، چونکە لەم کابینەیەدا دەرفەت دراوە کە بە دانوستان کێشەکان چارەسەر بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا حکومەتی هەرێم هەڵوێستێکی ڕوونی نەبووە لەسەر ڕادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەغدا، وەک چۆن لە یاسای بوجەدا جێگیرکراوە.

بەپێی یاساى بودجەى عێراق، پشکى هەرێم لە بودجە زیاترە لە ١٠ ترلیۆن دینار ئەگەر هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى بەغدا بکات.

هەر بەپێی یاسا، ئەگەر هەرێم نەوتیش ڕادەستنەکات، دەبێت بەغدا مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار بۆ موچەى فەرمانبەران و پێشمەرگە بنێرێت، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوە کرد، لە ئەگەری ڕادەستنەکردنی نەوت بە بەغدا دەتوانرێت بە کۆکردنەوەی دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتارانی عێراق ئەو بڕگەیەی پەیوەستە بە ناردنی پارە بۆ هەرێم هەمواربکرێتەوە و جارێکی تر ڕەوانەکردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە ڕابگیرێت.

هـ.ع