سەردێڕ:

تا ئێستا لە حکومەتی هەرێمدا یەک کەس بە پسپۆڕی کراوەتە وەزیری پەروەردە

فۆتۆ: 
2019-07-08

4335 جار خوێندراوەتەوە

پەروەردە و فێرکردن، ئەو وەزارەتەی کە هەموو وڵاتانی جیهان بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن و بە دەرچەی بەرەوپێشچوون و دروستکردنی گۆڕانکاریی ناو کۆمەڵگا دەیبینن، جگە لە دیاریکردنی کەسی پسپۆڕ بۆ ئەو پۆستە، پلان و بەڵێنی لایەنەکانیش لە بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆرتر لە چوارچێوەی برەودانە بەم کەرتە.

کاندیدێکى سەرۆکایەتیى ئەمریکا ڕایگەیاند، لە هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوودا ئەگەر سەرۆکایەتیى ئەمریکا بباتەوە ئەوا مامۆستایەکى ژن دەکات بە وەزیرى پەروەردە، جگە لە ژنەکەى خۆى کە مامۆستایە.

جۆ بایدن کە کاندیدى پارتى کۆمارییەکانە بۆ پۆستى سەرۆکى ئەمریکا، لە یەکەم بەڵێنیدا پێش دەستپێکى هەڵمەتى هەڵبژاردن ڕایگەیاند، ئەگەر ببێت بە سەرۆکى ئەمریکا ئەوا بێستى دیفۆس خانمە وەزیرى پەروەردەى ئەو وڵاتە لە پۆستەکەیدا نامێنێت و مامۆستایەکى ئافرەتى شیاو دەکات بە وەزیرى پەروەردە.

بایدن ڕاشیگەیاند، ئەو بڕیارە جێل بایدنى ژنى خۆى ناگرێتەوە، ئەگەرچى جێل زیاتر لە چل و دوو ساڵە مامۆستاى زمانى ئینگلیزییە لە زانکۆى ڤێرجینیاى باکور.

لە هەرێمى کوردستاندا و لە ٢٧ ساڵى ڕابردوودا و لە هەشت کابینەى پێشوودا کەمترین وەزیرى کابینەکانى حکومەت کەسانى پسپۆڕ و تایبەتمەند و تەکنۆکرات بوون و زۆربەیان بەپێى پلە و پۆستی حزبی و سەربازیى دەستنیشانکراون.

بە جۆرێک لە کابینەى هەشتەمى حکومەتدا لە کۆى ٢١ وەزارەت تەنها سێ وەزیر پسپۆڕییەکەیان لەگەڵ کارەکەیاندا گونجاو بووە.

لەکاتێکدا یەکێک لە هەستیارترین وەزارەتەکان، کە وەزارەتى پەروەردەیە، لە کابینەى هەشتەمدا پشتیوان سادق وەزیریەتى پسپۆڕییەکەى لە یاساى گشتیدایە و کاندیدى ئەمجارەش بۆ هەمان پۆست ئالان حەمەسەعیدە کە پسپۆڕییەکەى لە یاسادایە.

بەمەش دەردەکەوێت لە کۆى ١٣ وەزیرى پەروەردەى هەر نۆ کابینەکەى حکومەتى هەرێم تەنیا خەسرەو مستەفا عەبدوڵا لە کابینەى سێیەمى حکومەتدا لە ئیدارەى سلێمانى لە نێوان ساڵانى ١٩٩٨ تا ٢٠٠١ وەزیر بووە و خۆشی مامۆستا بووە و پسپۆڕییەکەشى لە بوارى پەروەردەدا بووە.

ع.م