سەردێڕ:

رێگاوبانی سلێمانی: شەش ساڵە رێگاوبانەکانمان بە پینەوپەڕۆ چاککردووەتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-08

1034 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری رێگاوبانی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی شەش ساڵ نەیانتوانیوە نۆژەنکردنەوەیەکی راستەقینە بۆ رێگاوبانەکان بکەن و تەنها بە پینەوپەڕۆ ریگاکانیان چاککردووەتەوە.

ئیبراهیم عەزیز بەڕێوەبەری رێگاوبانی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تایبەت بە رێگاوبانەکان و هاتوچۆ، کە بەشێکە لە هەڵمەتی میدیای ئێن ئاڕ تی بۆ کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، باسی لەوە کرد، بەگوێرەی ئەو بودجەیەی حکومەت بۆی دابینکردوون دەتوانن لە مانگێکدا تەنها دوو کیلۆمەتر لە کۆی سێ هەزار کیلۆمەتر رێگاوبانی سلێمانی نۆژەنبکەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر رێگاوبانەکان لە ٢٠ ساڵ جارێکدا چینێک قیرتاوی بەسەردا بکرێت، ئەوکات تەنها بۆ قیرتاوکردنەوەی رێگاکان سلێمانی پێویستی بە ٢٠ ملیۆن دۆلار دەبێت.

بەڕێوبەری رێگاوبانی سلێمانی وتیشی، "ئەگەر ئاوڕ لە ڕێگاوبانەکان نەدرێتەوە، لە چوار ساڵى داهاتوودا هیچ شۆفێرێک بەتەمانەبێت بە ڕیگایەکى سەلامەتدا بڕوات."

هەروەها فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەکەدا باسی لەوە کرد، بەهۆی کاری ئەوەی گواستنەوەی گشتی لە هەرێم لاوازە، ئەوەش ئەگەری رووداوەکانی هاتوچۆی زیاتر کردووە.

باسی لەوەش کرد، "شۆفێریش خەتابارە، چونکە بەشێک لە شۆفێران کە دەشزانن بارودۆخی رێگاوبانەکان خراپە، کەچی پابەندنین بە رێنماییەکانی هاتوچۆوە."

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە ١٠ هاوڵاتی لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زیاتریش برینداربوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی دوو هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لە شارەکانی هەرێمدا روویانداوە و بەهۆیانەوە نزیکەی ٢٢٥ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٦٧٠ کەسیش برینداربوون.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتییان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بەپێی ئامارەکانیش، لە ١٥ ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانى هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتیی دیکەش کەمئەندام و برینداربوون.

هـ.ع