سەردێڕ:

لە وڵاتێکدا خەڵكی ئۆتۆمبێل بە کرێ وەردەگرن بێ ئەوەی لێیبخوڕن

فۆتۆ: 
2019-07-08

3633 جار خوێندراوەتەوە

لە وڵاتی ژاپۆن خەڵکی ئۆتۆمبێل بە کرێ لە کۆمپانیاکان وەردەگرن بێ ئەوەی لێیبخوڕن، بەڵکو بۆ هەندێ کاری وەکو پشوو وەرگرتن و بارگاویکردنەوەی مۆبایلەکانیان بەکاریاندەهێنن، ئەوەش بەگوێرەی راپرسییەکی هەردوو کۆمپانیای "ئۆرێکس" و "تایمز ٢٤ کو"ی ژاپۆنی کە تایبەتن بە بەکرێدانی ئۆتۆمبێل.

رۆژنامەی ئەساهی ژاپۆنی باسی لەوە کردووە، بەشێک لە هۆکارەکانی ئەوەی خەڵکی ئۆتۆمبێل بە کرێ وەردەگرن بێ ئەوەی لێیبخوڕن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، ئەو کەسانە دەیانەوێت چەند کاتژمێرێکی کەم بخەون یان ویستوویانە بە مۆبایلەکانیان قسە بکەن، یان کاری دیکەیان هەبووە کە پێویستی بە هێمنی و وردی لەو کاتەدا هەبووە.

بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەکە بەشێک لە هۆکارەکان نامۆبوون، بۆ نمونە هەندێ لەو کەسانە لەبەرئەوەی لەناو چێشتخانەیەکدا جێگایان نەبووە ساندویچێک بخۆن، یان هەندێکی دیکە تەنها بە مەبەستی بارگاویکردنەوەی مۆبایلەکانیان بۆ چەند کاتژمێرێک ئۆتۆمبێلیان بە کرێ گرتووە بەڵام لێیان نەخوڕیوە.

بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلەکان بە مەبەستی بارگاویکرنەوە لەکاتی تسۆنامییەکەی ژاپۆن لە ساڵی ٢٠١١دا دیاردەیەکی باو بووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "زە ڤێرج" بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلەکان بۆ هەندێ مەبەستی نامۆی لەو شێوەیە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نرخی بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێل لە ژاپۆن زۆر هەرزانە و بە ئاسانی لە هەموو شوێنێک دەستدەکەوێت، بۆ نمونە بە تەنها کۆمپانیایەکی بەکرێدانی ئۆتۆمبێل زیاتر لە ١٢ هەزار ناوەندی بەکرێدانی ئۆتۆمبێلی لە سەرانسەری ژاپۆندا هەیە.

هـ.ع