سەردێڕ:

ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئێران سنوری پیتاندنی یۆرانیۆمی تێپەڕاندووە

فۆتۆ: 
2019-07-08

1986 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی جیهانیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، ئێران دەستیکردووە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەیەکی بەرزتر لەو ڕێژەیەی بۆی دیاریکراوە بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ زلهێزەکان ئیمزاکراوە.

ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ دووشەممە (٨ی تەموزی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، پشکنەرەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لێکۆڵینەوەیان کردووە و، دەرکەوتووە تاران دەستیکردووە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەیەکی بەرزتر لەوەی بۆی دیاریکراوە، کە بریتییە لە ٣.٦٧%.

ئەو لێدوانەی ئاژانسەکە لەکاتێکدایە، تاران ئەمڕۆ ڕایگەیاند بە ڕێژەی ٤.٥% دەستیکردووەتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم، وەک وەڵامێک بۆ سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا بەسەریدا.

ئەمڕۆش ڕێکخراوی یەکێتیی ئەوروپا داوای لە ئێران کرد، سەرجەم چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و پابەندبێت بە بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەل وڵاتانی زلهێزی جیهاندا ئیمزایکردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی.

لە بەرامبەر ئەو داوایەی ئەوروپا، تاران داوایکردووە ڕێگایەکی بۆ بدۆزێتەوە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی وڵاتەکەی لە دەرەوە، بۆئەوەی بتوانێت گەمارۆکانی ئەمریکا تێپەڕێنێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند، هەنگاوی سێهەمی چالاکییەکانی بریتی دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ڕێژەی ٢٠%.

ئاژانسی هەواڵیی ئیرنای فەرمی لە زاری عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، "هیچ هیوایەک بە هیچ وڵاتێکەوە گرێنادەین تەنانەت دۆستەکانیشمان وەک چین و ڕوسیا، یاخود دەوڵەتانی ئەوروپا، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی ناو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەیە."

ئەو لیدوانە نوێیانەی ئێران سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لەکاتێکدایە، دوێنێ تاران ڕایگەیاند، بەمنزیکانە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی رێگەپێدراو تێدەپەڕێنن، ئەوەش پاڵی نا بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە کە هۆشداری بداتە ئێران و ڕایگەیاند، پێویستە ئێران ئاگاداربێت.

ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران زۆر شتی خراپی ئەنجامداوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی پێ نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

شەوی ڕابردووش مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران خۆی ڕووبەڕووی سزا و پەراوێزبوونی زیاتر دەکاتەوە، ئەگەر بێتو بەردەوامبێت لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی.

ع.م


‌بەپەلە