سەردێڕ:

بۆچی ئاشتی هەورامی بۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان کاندید نەکرایەوە؟

پرسی پێکهێنانی حکومەت
فۆتۆ: 
2019-07-08

44815 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، ناو و سیڤیی وەزیرەکانی دایە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام هیچ کەسێک بۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان دیارینەکراوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕبکرێتەوە، ئەوەش وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، کە دوای سێ کابینە لە مانەوەی لە پۆستەکەیدا، ئاشتی هەورامی دووردەخرێتەوە.

پێش پێکهێنانى کابینەى شەشەمی حکومەت، لە ٢٠٠٩دا لەسەر پێشنیازی چەند کەسێک، بەرهەم ساڵح، ئاشتى هەورامی لە لەندەنەوە گەڕاندەوە هەرێم و کردی بە وەزیری سامانە سروشتییەکان، دواتریش نێچیرڤان بارزانى لە کابینەکانى حەوت و هەشتدا وەک وەزیر لە پۆستەکەی خۆیدا هێشتییەوە.

لەو کاتەشەوە تا ئێستا، کە نزیکەى ١٠ ساڵە، زۆرترین مشتومڕ لەسەر وەزارەت و خودی ئاشتى هەورامی خۆی بووە، بەو پێیەى هەندێک بە هۆکارى سەرەکیی کێشە و قەیرانەکانى هەرێمیان زانیوە، لە بەرامبەریشدا کەسانى دیکەى نزیک لە پارتی بە کەسێکى لێهاتوویان ناوبردووە و ئاماژەیان بەوە دەکرد، بەهۆی ئەوەوە هەرێم چووە سەر نەخشەى وزەى جیهانی.

بەهۆی ئەوەى لە ئێستادا کەرتى نەوت تاکە سەرچاوەى داهاتى هەرێمە، وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بە یەکێک لە وەزارەتە گرنگ و سیادییەکان دادەنرێت و ماوەى چەند ساڵێکیشە پارتی ئامادە نییە، بە هیچ حزبێکى دیکەى بدات، چونکە ئێستا ئەو وەزارەتە بەشێک لە پارەی موچە بۆ وەزارەتى دارایی دابیندەکات و لە رێگەى ئەوەوە موچەى بەشێکی فەرمانبەران دەدرێت.

لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا بەردەوام لە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس لەوە دەکرا، کە ئاشتى هەورامی لە باڵی نێچیرڤان بارزانییەوە نزیکە و باڵەکەى دیکەی پارتیش کە مەسرور بارزانییە، لە ئەداى کارەکانى ناڕازین، چەندین جاریش هەوڵیانداوە دووریبخەنەوە، بەڵام بەهۆی پاڵپشتییەکانى نێچیرڤان بارزانییەوە لە پۆستەکەى بەردەوامبووە.

هەر بەهۆی ئەو پاڵپشتییانەوە باس لەوە دەکرێت تەواوى گرێبەست و مامەڵەی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لە ڕیگەى ئاشتى هەورامییەوە کراوە.

بەڵام لە ئێستادا کە مەسرور بارزانى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت ڕاسپێردراوە، سیڤیی تەواوى كاندیدەكانی ڕەوانەى پەرلەمانی كوردستان كردووە، بەبێ ئەوەى ناوى وەزیری وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى تێدابێت.

تایبەت بەو پۆستەش نوسینگەى مەسرور بارزانى ڕایگەیاندووە، پۆستى وەزیری سامانە سروشتییەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕدەکرێتەوە.

لە ئێستاشدا چاودێران شیکردنەوەی جۆراوجۆر بۆ بابەتەکە دەکەن و باس لەوە دەکەن، کە مەسرور بارزانی لە ڕێگەی ئەو هەنگاوەیەوە دەیەوێت مەلەفی نەوت لە جانتاکەی ئاشتی هەورامی دەربهێنێت و بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، تاوەکو لەمەودوا خۆی سەرپەرشتیى تەواوى داهاتى هەرێم بکات.