سەردێڕ:

ئێران هەڕەشەی زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات

بە ڕێژەی لە ٢٠/%
فۆتۆ: 
2019-07-08

1766 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند، هەنگاوی سێهەمی چالاکییەکانی بریتی دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ڕێژەی ٢٠%.

ئاژانسی هەواڵیی ئیرنای فەرمی لە زاری عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، "هیچ هیوایەک بە هیچ وڵاتێکەوە گرێ نادەین تەنانەت دۆستەکانیشمان وەک چین و ڕوسیا، یاخود دەوڵەتانی ئەوروپا، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی ناو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەیە."

موسەوی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێران بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی بڕیارەکانی دەدات، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ببێتە کارتی دەستی کەسانی دیکە، بەڵکو بڕیارەکانمان بە سەربەخۆیی دەدەین، وەک ئەوەی بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەییمان دەیخوازێت."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەکی نوێ لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لەئارادابێت.

لەلایەکی ترەوە بەهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سنوری پیتاندنی یۆرانیۆمی تێپەڕاندووە، وەک ئەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥دا ئاماژەیپێکراوە، کە بە ٣.٦٧% دیاریکراوە.

کەمالوەندی وتی، "لە ئێستادا پێویستمان بە ڕێژەی ٢٠% نییە، بەڵام ئەگەر پێویستمان پێیبوو ئەو ڕێژەیە بەرهەمدەهێنین، چونکە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستێکی بەرزتر لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا باسکراوە."

ئەو لیدوانە نوێیانەی ئێران سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لەکاتێکدایە، دوێنێ تاران ڕایگەیاند، بەمنزیکانە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی رێگەپێدراو تێدەپەڕێنن، ئەوەش پاڵی نا بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە هۆشداری بداتە ئێران و ڕایگەیاند، پێویستە ئێران ئاگاداربێت.

ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران زۆر شتی خراپی ئەنجامداوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی پێنادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

شەوی ڕابردووش مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران خۆی ڕووبەڕووی سزا و پەراوێزبوونی زیاتر دەکاتەوە، ئەگەر بێتو بەردەوامبێت لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی.

ع.م



‌بەپەلە