سەردێڕ:

سبەى دیاردەیەکى گەردوونى ڕوودەدات

فۆتۆ: 
2019-07-08

37295 جار خوێندراوەتەوە

سبەى سێشەممە دیاردەیەکى گەردوونى ڕوودەدات و مرۆڤ دەتوانێت بە چاو هەسارەى زوحەل ببینێت بەبێ ئەوەى هیچ ئامێرێک بەکاربهێنێت.

ماجد ئەبو زاهیرە سەرۆکى کۆمەڵەى گەردوونیی جەدە لە سعودیە ڕایگەیاند، هەسارەى زوحەل (کە بە گەورەى هەسارەکان ناسراوە) ئێوارەى سبەینێ سێشەممە ٩ى تەموز زۆر بە ئاسانى لەسەر گۆى زەوى دەبینرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەو کاتە باشترینە بۆ وێنەگرتنى هەسارەى زوحەل و چەند ئەستێرەیەکى تر، کە بەهۆى تیشکى خۆرەوە بە تەواوى ڕووناک دەبنەوە، چونکە لە زەوى نزیکدەبێتەوە.

ئاماژەى بەوەش کردووە، هەسارەى زوحەل لە نزیکترین خاڵى گۆى زەوى نزیکدەبێتەوە لە ماوەى ئەمساڵدا، لەگەڵ ئەوەشدا دووریی زوحەل لە زەوییەوە ١٠ هێندەى دووریى خۆرە لە زەوییەوە.

ئەبو زاهیرە دەڵێت، بەهۆى خێرایى زەوى بەدەورى خۆردا، ساڵانە جارێک زەوی دەکەوێتە نێوان خۆر و هەسارەى زوحەلەوە، کە ئەو دیاردەیە پێیدەڵێن (التقابل)، بەڵام ئەمساڵ ئەو دیاردەیە لەگەڵ خۆرئاوابوون ڕوودەدات و هەسارەى زوحەل بە تیشکى خۆر ڕووناک دەبێتەوە تا بەرەبەیان و کاتى خۆرهەڵاتن دەخایەنێت و، بەوەش دەتوانرێت بە دریژایى شەو ببینرێت و وێنەى بگیرێت.

بەو پێیەبێت، زەوى دەکەوێتە نێوان زوحەل و خۆر و لەسەر یەک هێڵى ئاسۆیی دەبێت، بەڵام بۆ ماوەیەکى زۆر نا، لەبەرئەوەى زەوى بە خێرایى ١٨ میل لە چرکەیەکدا بەدەورى خۆردا دەسوڕێتەوە.

هەسارەى زوحەل شەشەم هەسارەیە لەڕووى دوورییەوە لە خۆر و دوورترینە کە بتوانرێت بە چاو ببینرێت و ئەمساڵ لە نیوەى باکورى گۆى زەوى بە ئاسانى دەبینرێت.

ب.ب