سەردێڕ:

وەزارەتی پەروەردە بڕیاری یەکپۆشی بۆ سەرجەم قۆناغەکان دەرکرد

فۆتۆ: 
2019-07-08

14949 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى نوسراوێکى وەزارەتی پەروەردە، بڕیار لەسەر یەکپۆشینی جلوبەرگی خوێندکارانی خوێندنگە حکومییەکان درا بۆ گشت ئاستەکانی خوێندن و پۆشینی هەر پۆشاکێکی تر قەدەغەکرا.

بەپێی نوسراوەکە، کە ڕۆژی ١ی تەموزی ٢٠١٩ دەرچووە و واژۆی پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی لەسەرە، بڕیاردراوە بە دیاریکردنی پۆشاکی خوێندن بۆ سەرجەم خوێندنگە حکومییەکان، لەنێویشیاندا خوێندنگە ئیسلامییەکانیش دەگرێتەوە.

بەپێی بڕیارەکە، کار بە ھیچ ڕێگەپێدان و رەزامەندی و بڕیارێک ناکرێت کە لە ساڵانی پێشووتر دەرچووبێت و پێچەوانەی ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە بێت.

لە بڕیارەکەدا ھاتووە:

جلوبەرگی باخچەکانی منداڵان:

- بۆ کچان دەبێت (کراسی پەمەیی لەگەڵ تەنورە یان پانتۆڵی ڕەساسی)

- بۆ کوڕانیش (کراسی شین لەگەڵ پانتۆڵی رەساسی بێت).

قۆناغی ئامادەیی (١٠-١١-١٢) زانستی – وێژەیی – پیشەیی – ئیسلامی:

- بۆ کچان دەبێت (تەنورە یان پانتۆڵی ڕەش لەگەڵ کراسی سپی)

- بۆ کوڕان دەبێت (پانتۆڵی ڕەش یان کابۆی ڕەش لەگەڵ کراسی سپی)

قۆناغی بنەڕەتی(٧-٨-٩):

- بۆ کچان (تەنورە یان پانتۆڵی نیلی لەگەڵ کراسی سپی)

- بۆ کوڕان (پانتۆڵی نیلی لەگەڵ کراسی سپی)

قۆناغی بنەڕەتی (١-٦):

- بۆ کچان (تەنورە یان پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی)

- بۆ کوڕان (پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی)

ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە لەکاتی مەراسیمی خەڵاتکردنی خوێندکارە یەکەمەکانی هەرێم، کچە خوێندکارێک کە نیقابی پۆشیبوو خرایە ڕیزەکانی دواوە، ئەمەش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بەهۆی پۆشینی نیقابەوە بووە، کە دواتر بەرپرسانى وەزارەتى پەروەردە ڕوونکردنەوەیان لەسەر دا و ڕایانگەیاند، بەو شێوەیە نەبووە کە لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکراوەتەوە.

ب.ب