سەردێڕ:

یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەردۆغان دەستی لە پارتەکەی کێشایەوە

عەلی باباجان و رەجەب تەیب ئەردۆغان ساڵی ٢٠١٥
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-07-08

4929 جار خوێندراوەتەوە

عەلی باباجان جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە تورکیا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتیی پارتەکە کێشایەوە، ئەوەش وەک گورزێک کە ئاراستەی ئەردۆغان کراوە سەیردەکرێت.

باباجان کە پێشتر چەندین پۆستی حکومیی جیاجیای لە تورکیادا هەبووە و بە هاوپەیمانی ئەردۆغان لە قەڵەم دەدرا ڕایگەیاند، "من یەکێکبووم لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی ٢٠٠١، دڵخۆشم بەوەی کە بەپێی توانا بەشداربووم لە گەشەپێدانی وڵاتەکەم، هەر پۆستێکم وەرگرتبێت باوەڕم پێیبووە، ئەویش لە ڕوانگەی باوەڕبوونم بە بەها و بنەماکانی حزبەکەم کە ڕایگەیاندووە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا بۆشاییەکی قوڵ لە نێوان کاری ڕاستەقینە و بنەماکانی زۆرێک لە چالاکییەکان دروستبووە و، هەموو ئەوانە بوونە شۆکێکی گەورە بۆ من."

باباجان کە پێشتر پۆستی وەزیری ئابووری و وەزیری کاروباری یەکێتیی ئەوروپا و وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی وەرگرتووە ئاماژەی بەوە کرد، جیهان بەپەلە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، تورکیا خەریکە ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە دەبێتەوە، لە ئێستادا وڵات پێویستی بە تێڕوانینێکی نوێیە بۆ داهاتوو، کە پێویستی بە توێژەر و شیکاری شارەزا و ستراتیژی و پڕۆگرامی نوێ هەیە، بە شێوەیەک وەڵامدەرەوەی ڕۆحی ئەم سەردەمەبێت.

جەختیکردووەتەوە، ئەو و هاوڕێکانی هەست بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەکەن، لەوەی کارێک بکەن ئەگەر بێتوو ژمارەیەک کادری نوێ بەشداریپێبکرێت، لەو ڕوانگەیەشەوە بەردەوامبوونی وەک ئەندامێکی پارتی داد و گەشەپێدان شتێکی ئەستەمە و ئەمڕۆ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە.

ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، باباجان بە هاوکاریی عەبدوڵا گویل سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا، پلان بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ دادەڕێژێت، وەک ڕکابەرێکی پارتی داد و گەشەپێدان کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕابەرایەتی دەکات.

چاودێرانی دۆخی سیاسیی تورکیا باس لەوە دەکەن، دەستلەکارکێشانەوەی باباجان ئاماژەیە بۆ جیابوونەوەیەکی گەورە لە ڕیزەکانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە تورکیا، لەکاتێکدا پێشبینیی ئەوە دەکرێت، ئاستی پشتیوانییەکانی ئەردۆغان بەرەو دابەزینی بەرچاو چووە.

ئەو گۆڕانکارییە نوێیانە لەکاتێکدایە، حزبەکەی ئەردۆغان لە ڕۆژی ٢٣ی مانگی ڕابردوودا لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵدا ڕووبەڕووی شکست بوویەوە لەبەردەم ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی پارتی کۆماریی گەلی ئۆپۆزسیۆن، کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە گەورەترین شکستی سیاسی لێکدرایەوە بۆ حزبەکەی ئەردۆغان.

ع.م