سەردێڕ:

ئەڵمانیا داوایەکی ئەمریکای بۆ ڕەوانەکردنی هێز بۆ سوریا ڕەتکردەوە

فۆتۆ: 
2019-07-08

1816 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، داوایەکی ئەمریکایان بۆ  ناردنی ڕاوێژکاری سەربازی بۆ سوریا ڕەتکردووەتەوە.

ستیڤن سایبێرت وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەڵمانیا پابەند دەبێت بەو ڕێوشوێنانەی ئێستا گرتوویەتیە بەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەوەش ڕاوێژکاری سەربازی ڕەوانەی سوریا ناکات.

ئەمەش دوای ئەوەدێت جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا بە میدیاکانی ئەڵمانیای ڕاگەیاندبوو، لە میانی سەردانەکەی رۆژی هەینی رابردوویدا بۆ بەرلین، داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کردووە بۆ پشتیوانیکردنی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات هێز ڕەوانەی رۆژئاوای کوردستان بکات.

جێفری ڕاشیگەیاندبوو، ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانی ئەڵمانیا ببنە جێگرەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کردووە هێزی ڕاوێژکار، شارەزای لۆجیستی، کارمەندی تەکنیکی بۆ سوریا بنێرێت.

مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە سوریا ڕاگەیاند کە ئەوەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و وایکرد ئەمریکا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و ٤٠٠ لە ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە وڵاتەکەدا بهێڵێتەوە.

 لەو کاتەشەوە چەندین جار ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووە، پشتیوانی زیاتری سوریا بکەن.