سەردێڕ:

فراکسیۆنى نەوەى نوێ: هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان سپێردرا بە چارەنووسێکى نادیار

فۆتۆ: 
2019-07-08

1627 جار خوێندراوەتەوە

دواى هەموارکردنەوەى یاساى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە پەرلەمانى کوردستان سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ رایگەیاند، "هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان سپێردرا بە چارەنووسێکى نادیار."

کازم فاروق لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسیدا ئاماژەى بەوەکرد، دژى دوو خاڵى هەموارى یاساى ئەنجومەنى پارێگاکان بوون کەیەکێکیان بریتیبوو لەوەى هەڵبژاردنى پارێزگار لە نێو ئەندامانى هەڵبژێردراوى ئەنجومەنەکەشدا نەبێت ئاساییە، ئەمەش ئەرزش بۆ دەنگى خەڵک نەمێنێت و بە توندیش دژى وەستاین.

باسی لەوەشکرد، "خاڵەکەى دیکە دیارینەکردنى کاتى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان بوو کە ئەوەش سپاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانە بە داهاتوویەکى نادیار، ئەوەش سەلمێنەرى ئەو راستییەیە کە حزبەکانى دەسەڵات لەهەڵبژاردن دەترسن".

وتیشی، چەندین پرۆژە یاسا کە پەیوەندییان بە ژیانى رۆژانەى هاوڵاتییانەوە هەیە لەم خولەدا لەلایەن چەند فراکسیۆنێکەوە پێشکەشکرا، بەڵام هیچ کام لەو پرۆژەیاسایانە لەلایەن دەستەى سەرۆکایەتییەوە لەم خولەدا نەخرایە بەرنامەى کارەوە، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت ئەم خولەى پەرلەمان پرسەکانى هاوڵاتییانى نەکردووەتە پێشینەى کارەکانى.

ئەمڕۆ پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەى دەنگى پەرلەمانتاران درێژکردنەوەى وادەى ئەنجومەنى پارێزگاکانى تا هەڵبژاردنى خولى نوێ درێژکردەوە.

بەپێی هەموارى یاساکە، وادەى ئەنجومەنى پارێزگاکان تا هەڵبژاردنى خولێکى نوێ درێژدەکرێتەوە لە حاڵەتى تەواوبوونى وادەى یاسایی ئەنجومەنى پارێزگاکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠١٤وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنى پارێزگاکان لە هەرێم ئەنجامنەدراوە و چەند جارێکى تریش وادەکەی درێژکراوەتەوە.