سەردێڕ:

ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگ لەسەر هەموارى یاساى پارێزگاکان دەدات

پەرلەمانى کوردستان کۆدەبێتەوە
فۆتۆ: 
2019-07-08

616 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پەرلەمانى کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر پێشنیازى هەموارى یاساى ئەنجومەنى پارێزگاکان کۆدەبێتەوە.

بەپێی نوسراوێکى پەرلەمانى کوردستان بەرنامەى کاری دانیشتنەکەى ئەمڕۆ دووشەممە، ده‌نگدانە له‌سه‌ر "پێشنیازی یاسای هه‌موارى یه‌كه‌می یاسای ژماره‌ (٣)ى ساڵی ٢٠٠٩ ى پارێزگاكانی هه‌رێم و خستنه‌ڕووی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (٩٠ و ٩١ و ٩٣ و ٩٦ و ٩٧) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مان".

 لە پێشنیازە یاساییەکەدا، مادەى تایبەت بەپۆستی پارێزگار ھەمواردەکرێتەوە، بەو شێوەیەی کە ھەڵبژاردنی پارێزگار لە دەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەن یان لەنێوانیاندا بە زۆرینەی رەھای ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت لە ماوەیەکدا کە لە (٣٠) رۆژ لە مێژووی یەکەم دانیشتنیان تێپەڕنەکات.

ھاوکات ھەر بەپێی ھەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان تایبەت بە ماوەی یاسایی کارکردنیان، ئەو خاڵەش ھەمواردەکرێتەوە و بەو شێوازە کە لە پڕۆژە پێشنیازەکەدا ھاتووە، بەدەر لە حوکمی بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (چوارەم)ی یاساکە ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پیادەکردنی تایبەتمەندیەکانیان لەکاتی کۆتاییھاتنی ماوەی یاساییان تا ھەڵبژاردنی خولێکی نوێی ئەنجومەن بەردەوام دەبن.