سەردێڕ:

پشتگیرییەکان بۆ ترەمپ لە ئەمریکا لە بەرزترین ئاستدایە

%٥١ ی هاوڵاتیان کارەکانی ترەمپیان پێ باشبووە
فۆتۆ: 
2019-07-08

2861 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا وادەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٠ی ئەمریکا نزیکدەبێتەوە، رێژەی لایەنگرانی سەرۆکی ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپ لە بەرزترین ئاستی ماوەی دەسەڵاتیدایە.

 لەکاتێکدا رێژەی سەدا ٥١ی دەنگدەران کارەکانی ترەمپ-یان لەبواری ئابووریدا پێ پەسەند بووە، رێژەی سەدا ٦٥یان پێیان وابووە ترەمپ سەرۆکایەتیی لێنایەت.

ئەنجامی راپرسییەکی ھاوبەشی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و کەناڵی ABC News لەبارەی پشتگیریی رای گشتیی ئەمریکا بۆ ترەمپ بڵاوکرایەوە.

بەپێی ئەنجامەکان رێژەی سەدا ٤٧ی دەنگدەری تۆمارکراو کارەکانی ترەمپ-یان پەسەندکردووە و ئەم رێژەیە بەراورد بە مانگی نیسانی رابردوودا بەڕێژەی سەدا ٥ بەرزبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە رێژەی سەدا ٦٥ی دەنگدەران پێیان وایە ترەمپ سەرۆکایەتیی لێنایەت و زۆرترین پشتگیری کە ترەمپ بەدەستیھێناوە، بەھۆی ئەو ھەنگاوانەوە بووە کە لەبواری ئابووریدا ناویەتی.

بەوپێیە رێژەی سەدا ٥١ی دەنگدەران کارەکانی ترەمپ-یان لەبواری ئابووریدا پێ پەسەند بووە. 

ھاوکات بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە بەشێکی زۆری بەشداربووان دژی سیاسەتەکانی حکوومەتی ترەمپن لەبارەی کۆچبەران، سیستمی تەندروستی، مافی ژنان، کورتاژ، گۆڕانی کەشوھەوا، سیاسەتی دەرەوەی و کۆنترۆڵکردنی چەکەوە.

ئەم راپرسییە لە٢٨ی حوزەیران بۆ ١ی تەمووز بەڕێوەچووە و تێیدا ھەزار و ٨ دەنگدەری پێگەیشتوو بەشداربوون تێیدا و رێژەی ھەڵە تێیدا ٣.٥ە.