سەردێڕ:

باڵیۆزی بەریتانیا لە واشنتۆن ئیدارەی ترەمپ بە گەمژە ناو دەبات

فۆتۆ: 
2019-07-07

4061 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی بەریتانیا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە سەبارەت بە دزەپێکردنی چەند نامە و یاداشتێکی ئەلکترۆنی لە باڵیۆزی وڵاتەکەیەوە لە واشنتۆن، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بە "گەمژە" ناوبردووە  و پێی وایە خاوەنی ئەمانەت و لێهاتووی نییە.

 

ئەو هەڵوێستەی حکومەت دوای لێدوانێکی تۆم توگندهات سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی گشتی "پەرلەمان"ی بەریتانیا هات، کە ڕایگەیاندبوو، ئەوەی دزەی بەو زانیارییانە کردووە هەر کەسێک بێت دەبێت لێکۆڵینەوەی لە گەڵدا بکرێت.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دزەپێکردنی ئەو زانیاریانە کە لەلایەن ڕۆژنامەی (زی مێڵ ئۆنلاین )ەوە بڵاوکراوەتەوە، بە مامەڵیەکی زەرەمەندانە ناوبردووە، بەڵام راستی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی ڕەتنەکردووەتەوە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا جەختیکردەوە لێکۆڵینەوەی فەرمی لەو دزەپێکردنانە دەکات.

تا ئێستا کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە و ناوەرۆکی نامە دیپلۆماتییە دزەپێکراوەکان نەداوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر کیم دارۆک باڵیۆزی بەریتانیا لە واشنتۆن ڕایگەیاندبوو، کۆشکی سپی دووچاری هەڵەی کوشندە و دابەشبوون بووەتەوە لەژێر سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپدا.

سەبارەت بە لێدوانە ترەمپ دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی هێرشێ ئاسمانی بۆسەر چەند ئامانجێکی ئێران لەکاتی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکەی ئەمریکادا لە مانگی ڕابردوودا، کە گوایە ئەگەر هێرشکە جێبەجی بکرایە دەبووە هۆی کوژرانی ١٥٠ کەس لە ئێران، باڵیۆزی بەریتانیا ئەو کات ڕایگەیاندبوو، ئەو لێدوانە بەهانەیەکی بەهێز و جێی بڕوا نییە.

چاوەڕوانیش دەکرێت ئەو یاداشت و نامە دیپلۆماتییە دزەپێکراوانە، جارێکی تر ناکۆکییەکانی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا زیندوو بکاتەوە، بە تایبەت دەربارەی کێشەی گۆرانکاریی کەشوهەوا و ئازادی ڕۆژنامەگەریی و سزای لەسێدارەدان.

ع.م