سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى کەموکورتى بەشێک لە شه‌قامەکان دەخاتەڕوو

فۆتۆ: 
2019-07-07

1132 جار خوێندراوەتەوە

شه‌قامی سه‌ره‌كی نێوان هه‌ولێر_ خه‌بات‌، یەکێکە لەو ڕێگایانەى کە جه‌نجاڵى و قەرەباڵغى زۆرى لەسەرە و ئێن ئاڕ تیش کەموکورتیەکانى دەخاتەڕوو.

شه‌قامی سه‌ره‌كی نێوان هه‌ولێر_ خه‌بات‌،جیا له‌بوونی سه‌دان چاڵ و چۆڵ، لە شەواندا هیچ هۆکارێکی ڕووناكکه‌ره‌وه‌ی تێدا نییه‌و ئەوەش هۆکارە بۆ زۆربوونى ڕووداوەکانى هاتوچۆ لەم رێگایەدا.

یەکێک لە شۆفێرەکانى هێڵی گواستنه‌وه‌ی ‌هه‌ولێر‌ بۆ دهۆك و موسڵ کە برایه‌كی به‌ ڕووداوی هاتوچۆ له‌ڕێگای هه‌ولێر -دهۆك گیانى لەدەستداوە‌، ترسى هەیە خراپی ڕێگاوبان، ڕووبەرووى هەمان چاره‌نووسی براكه‌ی بكاتەوە.

ئاماره‌كان دەریدەخەن، له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌م ڕێگایه‌ زۆرترین قوربانی هاتوچۆ هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا كار بۆ دانانى هۆیەکانى رووناک کردنەوە نەکراوە.

هاوكات نه‌بوونی ئه‌م پێویستیانه‌ی هاتوچۆ ته‌نها شۆفێرانی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نیگه‌ران نه‌كردووه‌، به‌ڵكو شۆفێرانی ناوشاریش نیگه‌رانن له‌وه‌ی له‌به‌شێك له‌ شه‌قامه‌كاندا ڕووناكی و هێڵی سپی و فسفۆڕو هێمه‌كانی هاتوچۆ كه‌متر دانراون.

به‌هۆی خراپی ڕێگاوبانه‌كانەوە ژماره‌یه‌كی زۆری شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان شاره‌كان به‌ ڕێگای مه‌رگ ناسراون.

یوسف بازیانی - شاره‌زایەکى هاتوچۆ ڕه‌خنه له‌‌ ڕه‌وشی هاتوچۆ و خراپی ڕێگاوبانه‌كان ده‌گرێت، به‌وه‌ی وه‌كو ستانداردی جیهانی شه‌قامه‌كان دروست ناكرێت.

فازڵ حاجی - وته‌بێژی هاتوچۆی هه‌ولێر ڕایگەیاند، ئەو قسە لەسەر ئەوە دەکات کە بۆچى تائێستا به‌شێك لەڕێگاى نێوان شاروشارۆچكه‌كان پێویستیه‌كانی هاتوچۆ وه‌ك ستانداردی جیهانی نابینرێن.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر کار وابڕوات و هێماکانى هاتوچۆ و هۆیەکانى ڕووناک کردنەوە بۆ رێگاوبانەکان دانەنرێت و شەقامەکانیش یەک ساید و پڕ لە چاڵ و چۆڵ بن. لیستى ئەوانەى بە هۆکارى هاتوچۆ ماڵئاوایى لە ژیان دەکەن درێژتربێتەوە و تا چەندین ساڵى دیکە رووداوەکانى هاتوچۆ هۆکارى یەکەمى مردن دەبن لە هەرێمى کوردستان.

ب.ب