سەردێڕ:

پۆمپیۆ: ئێران ڕووبەڕووی سزای زیاتر دەبێتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-07

7966 جار خوێندراوەتەوە

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیاری زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە و گەشەپێدانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی، تاران ڕووبەڕووی سزا و پەراوێزبوونی زیاتر دەکاتەوە.

پۆمپیۆ ئەمڕۆ یەکشەممە (٧ی تەموزی ٢٠١٩) لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند "فراوانبوونی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران، دەبێتە مایەی پەراوێزخستن و سەپاندنی سزای زۆرتر بەسەر تاراندا، پێویستە لەسەر وڵاتان پێوەری پێشووی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگێڕنەوە دۆخی خۆی و رێگری لێ بکەن لە پیتاندنی یۆرانیۆم".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەگەر ئێران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆمی، ئەوا دەبێتە مایەی مەترسیەکی گەورە بۆسەر جیهان".

ئەو هۆشداریانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئێران بە فەرمى کەمکردنەوەى پابەندییەکانى بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە راگەیاند و سنورى پیتاندنى یۆرانیۆمى لە ٤% نزیککردەوە.

عەلى رەبیعى وتەبێژى حکومەتى ئێران لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسیدا ئاماژەى بەوەکردووە، بڕیاریان داوە پیتاندنى یۆرانیۆم لە سنووری ٣.٦٧% تێبپەڕێنن و بەپێی ویستى خۆیان مامەڵەى لەگەڵ دەکەن.

هاوکات عەباس عێراقچی یاریدەدەرى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، ٦٠ رۆژى یەکەمی مۆڵەتەکە کۆتاییهاتووە و بەهۆى نەگەیشتن بە خواستەکانیان هەنگاوى دووەم دەنێن کە راگەیاندنى پابەند نەبوونیانە لەبەرامبەر ئاستى پیتاندنى یۆرانیۆم.

لەدوای کشانەوەى ئەمریکا لە ڕێککەوتنى ئەتۆمی و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا ئێران هەڕەشەى پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم دەکات.

ع.م