سەردێڕ:

پەرلەمان کیشەی ٣٠٠ هەزار پارچە زەوی زیادەڕۆیی چارەسەردەکات

فۆتۆ: 
2019-07-07

2885 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت لە رێگەى پڕۆژەیاسایەکەوە کیشەی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار پارچە زەوی چارەسەربکات کە بە زیادەڕۆیی کراون بە خانوو.

پرۆژەکە لەلایەن فراکسیۆنى پارتى یەوە ئامادەکراوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بەشێک لە فراکسیۆنەکانیش سەرنجیان لەسەر پرۆژەکە یاساکە هەیە و دەڵێن نابێت شەرعیەت بەو هەزاران زیادەرۆییە بدات کە لەلایەن بەرپرسان و کەسانى دەستڕۆیشتووەوە كراوەتە سەر موڵکى گشتى.

هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتارى پارتى دەڵێت، پڕۆژەکە تەنیا ئەو خانوانە دەگرێتەوە کە روبەرەکەیان لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ مەتردایە، ڤێلا و باخەکان ناگرێتەوە، دوای پەسەندکردنی پرۆژەکەش، یەک مەتر زەوی تەجاوز تاپۆ ناکرێ .

سیپان ئامێدی ئەندامێکی لیژنەی شارەوانیی پەرلەمان بە پێویستى دەزانێت لە پڕۆژەکەدا ڕێگری بکرێت لە دروستکردنی خانوی دیکە بە زیادەڕەوی. 

هاوکات عباس فەتاح  جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانى کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە پرسی زیادەڕەویکردنە سەر موڵکى گشتى ساڵانێکى درێژە لەهەرێم بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە، سەرەراى خانوى زیادەڕۆى هاوڵاتیان بەهەزاران فێلا و باخ لەلایەن بەرپرسان و کەسانى دەستڕۆیشتووەوە بە زێدەڕۆیی و لەسەر موڵکى گشتى دروستکراون و لەپڕۆژەکەدا هیچ چارەسەرێک بۆ ئەو زیادەڕۆییانە نەخراوەتەڕوو.

جەلال محەمەد  بریاردەری لیژنەی یاسایی دەڵێت، ئەو هاوڵاتیانەی خانوی زیادەڕەوییان لەسەر تاپۆ دەکرێت، لای حکومەت بە سودمەند هەژمار دەکرێن، مەرجیشە ئەو خانوەى تاپۆدەکرێت، پێش ١٢ی شوباتی ٢٠١٨ دروستکرابێت و خاوەنەکەی تێیدا بژی بۆئەوەی تاپۆبکرێت، بۆ هەر مەترێکیش لەناو شارەکاندا ٦٠ هەزار دینار و لە قەزاکان ٤٠ هەزار دینار و لە ناحیەکانیش ٣٠ هەزار دینار دیاریکراوە.

بەپێى یاساى لێبوردنى گشتى ساڵى ٢٠١٧ ئەوکەسانەى لەسەر زیادەڕۆیی دەستگیرکراون ئازاد دەکرێن، لەکاتێکدا داواکارى گشتى هەرێم داوایکردووە یاساکە تاوانى زیادەڕەویی نەگرێتەوە.

بەپێی ئامارەکانى داواکارى گشتى هەرێم، لەساڵى ٢٠١٦ دا نزیکەى ١٥ هەزار سکاڵا و ساڵى ٢٠١٧ نزیکەى ٢٢٠٠ سکاڵا و ساڵى ٢٠١٨ ش ٣١٤ سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمارکراوە کە زیادەڕەویان کردووەتە سەر موڵکى گشتى و به‌رپرسه‌ كارگێڕییه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كانیش سزا نه‌دراون.

ب.ب