سەردێڕ:

وردەکاریی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانی یەکێتی

فۆتۆ: 
2019-07-07

6262 جار خوێندراوەتەوە

جیاواز لە ساڵانى پێشوو کە زۆرینەى کاندیدی پۆستە باڵاکان و پۆستە وەزیرییەکان لە باڵی ماڵى تاڵەبانی بوون، لەم کابینەیەدا باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح زۆربەى ئەو پۆستانەیان بەدەستهێنا کە لەکابینەى نوێدا بەر یەکێتى دەکەون.

بەپێی ئەو زانیاریانەى ئین ئار تى لەچەند سەرچاوەیەکى یەکێتى یەوە دەستیکەوتووە، تا پێش یەکلاییکردنەوەى کاندیدەکانى یەکێتى، مشتومڕ و ململانێی قوڵ هەبووە لەنێوان باڵەکانى یەکێتیدا بۆ بردنى زۆرترین پشک، بەڵام دواجار باڵى کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح زۆرترین پشکیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە.

بەوتەى سەرچاوەکان، ئەوەى هاوکێشەکەى لەبەرژەوەندی باڵی کۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵح یەکلایکردەوە، خۆکاندیدکردنى شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ بوو بۆ پۆستى جێگری سەرۆکی حکومەت، چونکە پێشتر تاڕادەیەکی زۆر ئەو پۆستە بۆ قوباد تاڵەبانى دانرابوو، بەڵام لەبەرامبەر کشانەوەی ڕکابەرەکەی و مسۆگەرکردنى پۆستى جێگری سەرۆکی حکومەتدا ماڵى تاڵەبانى سازشیان بۆ باڵەکانى دیکە کردووە.

باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح له‌ دابه‌شكردنى پۆسته‌كاندا توانیان سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم، وه‌زیرى خوێندنى باڵاو پلاندانان و ڕۆشنبیرى و ده‌سته‌ى گه‌شت و گوزارو ده‌سته‌ى مین له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان یەکلایی بکەنەوەو ماڵی تاڵەبانیش جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزارەتى کشتوکاڵیان بەرکەوت.

دواى ئاشکراکردنى ناوی کاندیدەکانیش شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د لێپرسراوی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی، لە نوسینێکدا باس لەوە دەکات ده‌ره‌نجامی کۆبونەوەکەى یەکێتى هیچ پەیوەندی به‌ یه‌كێتیه‌وه‌ نه‌بووە، نازانێت ئه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناوه‌ندی بڕیار بوو كه‌ له‌ پاشان ناویان بوو بە هاودیدان، یان یه‌كێتی.

دەشڵێت، نازانێت یه‌كێتی ناوی گۆڕاوه‌ و ئەوان ئاگادار نین یانیش ئه‌مه‌ ئه‌و سه‌فقه‌ تازه‌یه‌‌یه‌ كه‌ ئه‌م و ئه‌و به‌ ناوی هه‌ر هه‌موویانه‌وه‌ له‌سه‌ری رێكه‌وتوون.

لەگەڵ یەکلاییکردنەوەى پۆستە حکومییەکانى یەکێتى بەم شێوەیەى ئێستا، باس لە دورکەوتنەوەى هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەکرێت بەهۆى خراپی باری تەندروستیەوە و دەوترێت بووەتە هۆی بەهێزبوونى باڵەکانى دیکەو لاوازبوونى باڵى ماڵى تاڵەبانى.

ع.م