سەردێڕ:

یەکێتی بە فەرمی ناوی سەرجەم کاندیدەکانی ئاشکراکرد

گۆڕانکاری لە ناوەکاندا کراوە
فۆتۆ: 
2019-07-07

11287 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی ناوی سەرجەم کاندیدە یەکلاییکراوەکانی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ئاشکراکرد.

لە راگەیاندراوێکدا یەکێتی ناوی سەرجەم کاندیدەکانی ئاشکراکرد بە جۆرێک قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت یەکلایی کراوەتەوە.

هاوکات، هەریەک لە رێواس فایەق بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جەعفەر شێخ مستەفا بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەکلایی کراونەتەوە.

لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتیدا کاندیدکردنی شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزیری پێشمەرگە و ئارام حەمەی مینا بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و محمەد عەلی سەعید بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری یەکلایی کراونەتەوە.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ڕاگەیاندراوەکە بێگه‌رد تاڵه‌بانی بۆ وه‌زیری كشتوكاڵ و دارا رەشید مەحمود بۆ وه‌زیری پلاندانان و خالید شوانی بۆ وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کاندید کراوە.

هەریەک لە نەسرەدین مەحمود مەولود بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم و ئیسماعیل مەحمود بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین و عوسمان ئیسماعیل حسێن بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار کاندیدکراون.

یەکێتی نیشتمانیی كوردستان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا جگە لە پۆستەکانی جێگری سەرۆكی حكومەت ‌و جێگری سەرۆكی هەرێم و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هەریەک لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا‌، پێشمەرگە، پلاندانان، كشتوكاڵ، رۆشنبیری ‌و وەزیرێكی هەرێم پشکی ئەو حزبە دەبێت.