سەردێڕ:

چەمچەماڵ.. چوار بەنزینخانە داخران

فۆتۆ: 
2019-07-07

949 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامییەتى چەمچەماڵ رایگەیاند، چوار بەنزینخانە لە سنورى قەزاکە بەنزینەکانیان لە پشکنین دەرنەچوون و بەوهۆیەشەوە بۆ ماوەیەک بڕیارى داخستنیان دراوە.

قائیمقامییەتى چەمچەماڵ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامییەت نمونەی بەنزین لە سەرجەم بەنزینخانەکانی سنورى قەزاکە وەرگیراو و نێردرا بۆ پشکنین، دەرکەوت بەشێک لە بەنزینی نۆرماڵ یان محەسەنی  بەنزینخانەکانی ( کاروان، هەڵشۆ، چاک، چەرموو ) لە پشکنین دەرنەچوون .

روونیشیکردووەتەوە، لەڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە ئەو بەنزینخانانە لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی چەمچەماڵەوە لەگەڵ غەرامەکردن و هێنانی بەڵێننامە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژیش داخراون.

باسی لەوەشکردووە، یەکێک لەو بەنزینخانانە جاری دووهەمە دادەخرێت و دەدرێت بە دادگا.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆى خراپی کوالیتى بەنزینەوە لەئێستادا زۆرێک لە ئۆتۆمبێلەکان کێشەى فیلپەمپیان بۆدروستدەبێت، ئەوەش نیگەرانى شۆفێرانى لێکەوتووەتەوە.