سەردێڕ:

​ئەمڕۆ گۆڕان ناوى پاڵێوراوەکانی دەداتە مەسرور بارزانی

فۆتۆ: 
2019-07-07

1219 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ناوى پاڵێوراوەکانى بزوتنەوەکەیان بۆ پۆستە وەزاریەکان پێشکەش بە مەسرور بارزانی دەکەن.

هێمن شێخانى ئەندامى جڤاتى نیشتمانی گۆڕان بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، دواى ئەوەى جڤاتى نیشتمانى یەکلاکردنەوەى کاندیدەکانى ئاراستەى ڕێکخەرى گشتى کرد، لە ئێستادا تەواوى کاندیدى پۆستەکان یەکلایى کراونەتەوە.

ڕۆژی هەینی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە و دواتر عومەری سەید عەلی سەرپشککرا لە یەکلایی کردنەوەی ئەو کەسانەی سیڤیان پڕکردبووەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەکان.

شەوی ڕابردووش، دوای یەکلایی کردنەوەی کاندیدەکانی حزبەکەی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بۆ پۆستەکانی حکومەت، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند، یەکێتی ئامادەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت سیڤییەکانیان ڕادەستی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکەن.

پێنج ڕۆژی دیکە ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە لەبەردەم مەسرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.