سەردێڕ:

پارێزگارى سنە: لە دوو هەفتەی دیکەدا مەرزی سەیرانبەن دەکرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-07

1182 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سنە ڕایگەیاند، لە دوو هەفتەی داهاتوودا مەرزی سەیرانبەن دەکرێتەوە و چالاکییەکانی بەشێوەیەکی فەرمی دەستپێدەکات.

شاندێکی پارێزگای سلێمانی بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ ئەبوبەکر و شاندێکی پارێزگای سنە بە سەرپەرشتی بەهمەن موراد نیا، کۆبوونەوە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانیی و پیشەسازییەکان.

ئاژانسی هەواڵی میهر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە بەهمەن موراد نیا پارێزگاری سنە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاندووە، لە دوو هەفتەی داهاتوودا مەرزی سەیرانبەن دەکرێتەوە و چالاکییەکانی بەشێوەیەکی فەرمی دەستپێدەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەمزوانە کۆمیتەی هاوبەش پێکدەهێنن بۆ دروستکردنی شارۆچکەیەکی پیشەسازی هاوبەش لەنێوان سنە و سلێمانیدا.

ئەوەشی خستەڕوو، کە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان و لە نزیکەوە بینینی یەکەکانی بەرهەمهێنان دەرفەتێکی باشی ئابووری بووە بۆ زیاتر هەماهەنگی و هاوکاری یەکتر.

مه‌رزی سه‌یرانبه‌ن بەدووری ٤٥ کیلۆمەتر ده‌كه‌وێته‌ باكوری قه‌زای پێنجوێنەوە،‌ لە دوای‌ مەرزی‌ باشماخ دەبێتە دووەم مەرز‌ لە سنوری‌ قەزاکەدا و هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كانی بانه ‌و سه‌قز و سه‌رده‌شتی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان.