سەردێڕ:

ئێران بەفەرمى کەمکردنەوەى پابەندییەکانى بەرێککەوتنە ئەتۆمییەکە راگەیاند

فۆتۆ: 
2019-07-07

1121 جار خوێندراوەتەوە

ئێران بە فەرمى کەمکردنەوەى پابەندییەکانى بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە راگەیاند و سنورى پیتاندنى یۆرانیۆمى لە ٤% نزیککردەوە.

عەلى رەبیعى وتەبێژى حکومەتى ئێران لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسیدا ئاماژەى بەوەکردووە، بڕیاریان داوە پیتاندنى یۆرانیۆم لە سنووری ٣.٦٧% تێبپەڕێنن و بەپێی ویستى خۆیان مامەڵەى لەگەڵ دەکەن.

هاوکات عەباس عێراقچی یاریدەدەرى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، ٦٠ رۆژى یەکەمی مۆڵەتەکە کۆتاییهاتووە و بەهۆى نەگەیشتن بە خواستەکانیان هەنگاوى دووەم دەنێن کە راگەیاندنى پابەند نەبوونیانە لەبەرامبەر ئاستى پیتاندنى یۆرانیۆم.

وتیشی، کەمکردنەوەی پابەندبوونیان بە رێککەوتنی ئەتۆمی بەواتای دەرچوونی ئێران نایەت لە رێککەوتنەکەدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر حەسەن رۆحانى سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، لە دوای رۆژی یەکشەممەوە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی نزیکەی ٤% بەرز دەکەنەوە.

 لەدوای کشانەوەى ئەمریکا لە ڕێککەوتنى ئەتۆمی و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا ئێران هەڕەشەى پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم دەکات.

ئ.ر