سەردێڕ:

کاریگەریی ئامێرەکانی وایفای لەسەر توانای وەچەخستنەوەی پیاوان چییە؟

فۆتۆ: 
2019-07-07

2063 جار خوێندراوەتەوە

لە توێژینەوەیەکدا ئاشکراکراوە، هەبوونی مۆبایل یاخود ئامێری بڵاوکەرەوەی شەپۆلەکانی وایفای لەناو گیرفاندا زیان بە سپێرم دەگەیەنێت و ژمارەیان کەمدەکاتەوە.

ماڵپەڕی برایتساید ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی نوێ کردووە، کە لەلایەن زانا ژاپۆنییەکانەوە کراوە و تیایدا دەریانخستووە، یەکێک لە هۆکارەکانی لەدەستدانی توانای وەچەخستنەوەی پیاوان ئەگەری هەیە شەپۆلەکانی ئامێرە جیاوازەکانی وایفای بێت.

لە توێژینەوەکەدا زاناکان نمونەی سپێرمیان لە ٥١ پیاو وەرگرت و کردیان بە سێ گروپەوە، یەکەمیان ڕاستەوخۆ ئامێرێکی وایفاییان لەبەردەمدا دانا، دووەمیان هیچ سەرچاوەیەکی وایفایی لە نزیک نەبوو و سێیەمیان پارێزەری شەپۆلەکانی وایفایی هەبوو.

هەموویان بە شێوەک لە نزیک ئامێرێکی وایفایدا دانران، کە هاوشێوەی ئەوە بووە کەسەکە مۆبایلێکی لە گیرفانیدا هەڵگرتبێت.

دەرەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو گروپەی ڕاستەوخۆ لەبەردەم سەرچاوەیەکی وایفایدا بوو، دوای ٣٠ خولەک هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دروستنەبوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ڕێژەی جوڵەی سپێرمەکان کەمبوەوە و دوای ٢٤ کاتژمێر ڕێژەی ٢٣%ی سپێرمەکان لەناوچووبوون بە بەراورد بە ٨%ی ئەو گروپەی لە نزیک هیچ سەرچاوەیەکی وایفایەوە نەبوو.

زاناکان باسیان لەوە کردووە، ژمارەی مۆبایلەکان دوو ئەوەندەی ژمارەی هەموو دانیشتووانی زەوییە و ئەگەری زۆرە زۆربەی خەڵک لە مۆبایلێک زیاتریان هەبێت، مەترسییەکانی وایفای زۆر گرنگە و نابێت فەرامۆش بکرێن.

ئاماژەیان بەوەش کرد، باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی وایفای ئەوەیە، لەجیاتی ئەوەی مۆبایل لەناو گیرفاندا هەڵبگیرێت، بخرێتە سەر مێزێک دوور لە مرۆڤ، ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی وایفای لەسەر مرۆڤ.

Study Reveals That WiFi Devices Affect Male Fertility

ز.ن