سەردێڕ:

تونس.. تەرمی ١٣ کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاستدا دۆزرانەوە

فۆتۆ: 
2019-07-07

982 جار خوێندراوەتەوە

لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتی تونس تەرمی ١٣ کۆچبەری نایاسایی دۆزرانەوە کە سێیان ئافرەت بوون.

مونجی سەلیم سەرۆکی لقی مانگی سووری تونس، لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە، "تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان تەرمی سێ کەسیان لە ناوچەی قەتیف سەر بە شاری بن غەردنان و تەرمی نۆ کەس لە ناوچەی ئاغیری دوورگەی جەربە و تەرمی یەک ئافرەتیش لە کەناراوەکانی شاری جەرجیس کە سەرجەمیان کۆچبەری نایاسایی بوون دۆزیوەتەوە".

سەلیم راشیگەیاندووە، تەرمی ئەو کەسانەی دۆزراونەتەوە کۆچبەری نایاسایی بوون و بەرەگەز ئەفریقی بوون و ئەگەری ئەوە ھەیە کە ئەو تەرمانە ھی ئەو بەلەمە بن کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە کەناراوەکانی تونس نقومبوو بوو.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو بەلەمێک کە ٨٦ کۆچبەری نایاسایی ھەڵگرتبوو، لە کەناراوەکانی تونس نقوم بوو، لەم رووداوەدا تەنھا پێنج کەس رزگار کرابوون.