سەردێڕ:

جەبار یاوەر: داواده‌كه‌ین شه‌ڕی په‌كه‌كه ‌و توركیا له‌ناو هه‌رێم كۆتایی پێبێت‌

فۆتۆ: 
2019-07-06

2179 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند، داواده‌كه‌ن ئه‌و ململانێ چه‌كدارییه‌ له‌سه‌ر سنوری هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنێ و كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ و ئاشتی چاره‌سه‌ربكرێن و خاكی هه‌رێم بۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ وڵاتانی دراوسێ به‌كارنه‌هێنرێت.

جەبار یاوەر لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕى فەرمیى وەزارەتى پێشمەرگە  ئاماژەى بەوەکردووە، "ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی زۆرمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌تی توركیا و ئێران هه‌یه‌ و زیاتریش له‌ڕووی ئابوورییه‌وه، بۆیه‌ بوونی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ له‌سه‌ر سنوره‌كان كێشه‌ بۆ ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ و راسته‌وخۆ كێشه‌ بۆ هاوڵاتییانیش دروستده‌كات."

ئەوەشی ئاشکراکردووە، "به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیا تا ئێستا ٤٠٠ – ٤٥٠ گوند چۆڵكراون و دانیشتووانه‌كانیان ماڵ و زه‌وی و سه‌رچاوه‌ی بژێوییان له‌ده‌ستداوه، زیانی گیانیی به‌رچاو به‌ هاوڵاتییانی سڤیل كه‌وتووه‌ و دووچاری شه‌هیدبوون و برینداربوون كراون و بوونه‌ته‌ قوربانیی ئه‌و ململانێیه‌."

لەبارەى دروستکردنى هێزى چەکداریی، روونیکردووەتەوە، "له‌م كاته‌دا دروستكردنی گروپی چه‌كداری نایاسایی و نائاساییه‌. دروستبوونی ئه‌و گروپه‌ چه‌كداريیه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و هه‌رێمی كوردستان هێزی فه‌رمیی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌وان ده‌توانن كوردستان بپارێزن و نابێت هیچ هێزێكی نایاسایی هه‌بێت."

لەبارەى هەنگاوى لیژنە هاوبەشەکانى وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگریى عێراق لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان جەبار یاوەر باسی لەوە کردووە، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ رۆژانی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگریی عێراق بکرێت بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر میكانیزمێك بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ خانه‌قینه‌وه‌ تا موسڵ.

ئ.ر