سەردێڕ:

ئەردۆغان پارێزگاری بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە

فۆتۆ: 
2019-07-06

2291 جار خوێندراوەتەوە

ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە مەرسومێک موراد چەتینکایە پارێزگاری بانکی ناوەندیی تورکیای لە پۆستەکەی دوورخستەوە و موراد ئاویسالی جێگری لە شوێنەکەی دانا.

هەرچەندە تا ئێستا هۆکاری دوورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی تورکیا بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە، بەڵام هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ماوەیەکە ناکۆکییەکانی موراد چەتینکایە لەگەڵ ئەردۆغان و بیرات بەیرەق وەزیری دارایی و زاوای سەرۆکی تورکیا تەشەنەی کردووە.

دوای دوورخستنەوەی چەتینکایە بانکی ناوەندیی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەردەوام دەبێت بۆ وەدیهێنانی ئامانجی سیاسەتی دارایی.

دوای دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندیی تورکیا لە وتەیەکدا ڕایگەیاند، خزمەت بەو کەناڵانەی پەیوەندی دەکات لەسەر بەرزترین ئاست لەپێناو پارێزگاریکردن لە جێگیرکردنی نرخ و وەدیهێنانی ئامانجی سیاسەتێکی جێگیری دارایی.

چاوەڕوانیش دەکرێت پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندیی تورکیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕێکبخات.

بەگوێرەی هەواڵ، هەریەکە لە ئەردۆغان و وەزیری دارایی پێیانوایە کەمکردنەوەی بەهای ئەو سوودەی کە بانکی ناوەندی دەیدات لە بەرامبەر پارەی نەقدی بانکە بازرگانییەکان، ڕەوڕەوەی ئابووریی تورکیا دەباتە پێشەوە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە قەیرانێکی ئابووریی قورس بەرۆکی ئەنقەرەی گرتووە، ئەویش بەهۆی نزمبوونەوەی بەهای لیرە و زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئابووریی تورکیادا.

پێشتر ئەردۆغان بەردەوام نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە بەهای ئەو سوودەی کە وەک پێشتر ماوەتەوە، بەو هۆیەشەوە فشاری لە بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی کردووە بۆ کەمکردنەوەی نرخ و بەهای سوود لەپێناو بوژانەوەی ئابووری، ئەوەش بەردەوام لەلایەن بانکی ناوەندیی تورکیاوە ڕەتکراوەتەوە بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە جێگیرکردنی نرخ.

ئەو گۆڕانکارییە نوێیە لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی تورکیا لەکاتێکدایە، بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، ئابووریی تورکیا دووچاری پاشەکشە بووەتەوە.

ع.م