سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی ناوی کاندیدە یەكلاکراوەکانی یەکێتی ئاشکرادەکات

پرسی پێکهێنانی حکومەت
فۆتۆ: 
2019-07-06

18234 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیاریەکانی ئێن ئارتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا چەند کاندیدێک بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم یەکلایی کراونەتەوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆبونەوەکەی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت یەکلایی کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، هەریەک لە رێواس فایەق بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جەعفەر شێخ مستەفا بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەکلایی کراونەتەوە.

هاوکات، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتى یەکێتیدا کاندیدکردنی شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزیرى پێشمەرگە و دارا رەشیدى بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و حەمەى حەمە سەعیدى بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری یەکلایی کراونەتەوە.

یەکێتی نیشتمانیی كوردستان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا جگە لە پۆستەکانی جێگری سەرۆكی حكومەت ‌و جێگری سەرۆكی هەرێم و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هەریەک لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا‌، پێشمەرگە، پلاندانان، كشتوكاڵ، رۆشنبیری ‌و وەزیرێكی هەرێم پشکی ئەو حزبە دەبێت.