سەردێڕ:

داوا لە محەمەد حاجی مەحمود دەکرێت ماڵەکەى لە سلێمانى چۆڵبکات

فۆتۆ: 
2019-07-06

29452 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیى جێبەجێکردنى سلێمانى داوا لە سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دەکات، چەند موڵکێک لە کەرتى هەشتى ئابڵاخ لە سلێمانى چۆڵبکات، بەڕێوەبەری نوسینگەی ‌محه‌مه‌دی ‌حاجی مەحمودیش ڕەتیدەکاتەوە ئەو موڵکە تەسلیم بکەنەوە.

بەپێى نوسراوێکى بەڕێوەبەرایەتیى جێبەجێکردنى دادى سلێمانی، کە لە ڕۆژی ١٠ی مانگی ڕابردوودا دەرچووە و ئاراستەى پۆلیسى سلێمانى کراوە، هەروەها بەپێی نوسراوێکى پارێزگارى سلێمانى کە لە ١٧ی مانگی ڕابردوودا دەرکراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە چوار موڵکی هەشتی ئابڵاخ کە ماڵی محەمەدی حاجی مەحمودی تێدایە چۆڵبکرێن.

لە بەشێکى دیکەی نوسراوەکەدا هاتووە، هێزێکى پۆلیس ئامادەبکرێت، کە لە ٢٥ پۆلیس کەمتر نەبن، بۆئەوەی موڵکەکان بە محەمەدی حاجی مەحمود چۆڵبکەن، بەڵام بڕیارەکە لەو ڕۆژەدا جێبەجێ نەکراوە.

هاوکات ئامانج جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نوسینگه‌ی ‌محه‌مه‌دی ‌حاجی‌ مه‌حمود، ڕەتیکردەوە ئەو موڵکانە لە ئێستادا تەسلیم بکەنەوە و بڕیارەکە بە بڕیارێکى سیاسی ناودەبات.

وتیشى، ئەو موڵکانە لە ئێستادا ماڵى سکرتێرى حزبەکەیانە و چۆڵى ناکەن، هەرکاتێکیش ئەو موڵکانەى کە لەلایەن حزب و بەرپرسانەوە داگیرکراوە، بگەڕێنرێنەوە ئەوا ئەوانیش ئامادەن ئەو موڵکانە ڕادەستبکەنەوە.