سەردێڕ:

عێراق دەربارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

دوای لێدوانی باڵیۆزەکەی لە واشنتۆن
فۆتۆ: 
2019-07-06

5513 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر لێدوانەکانی باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆن بڵاوکردەوە، کە داوای دروستکردنی پەیوەندیی کردبوو لە نێوان عێراق و ئیسرائیلدا.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ شەممە (٦ی تەموزی ٢٠١٩) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دەزگاکانی ڕاگەیاند "لێدوانی نەگونجاو و نەشیاو"یان لەسەر زاری باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆن بڵاوکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوەی بەلای وەزارەتەکەیانەوە گرنگە ئەوەیە کە دەوڵەتان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بایەخێکی تایبەت دەدەن بە کێشەی فەڵەستین، کە بە زۆری تەوەرەیەکی سەرەکی دەبێت لەو کۆنگرە و دیدارانەی کە شاندەکانی عێراق بەشدارییان تێدا کردووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەندێکجار جیاکردنەوە و پچڕپچڕکردن دروستدەکرێت لە دەربڕینەکان، کە هەندێکیان دەکرێتە بابەتێک بۆ شێواندنی هەڵوێستی مەبدەئی عێراق.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیکردووەتەوە لە هەڵوێستی جێگیری خۆی لەسەر کێشەی فەڵەستین، کە هەمان هەڵوێستی میژووییەتی و خۆی دەبینێتەوە لەوەی داگیرکاری و دەستبەسەراگرتنی خاکی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەتدەکاتەوە.

ڕوونیکردووەتەوە، ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە کە بە "دەوڵەتی داگیرکەر" ناویبردووە و پابەندیشن بەو بابەتەوە.

ئەو بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەکاتێکدایە، فەرید یاسین باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆن دوێنی هەینی داوایکردبوو، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیی عێراقی لە ئیسرائیل، پێویستە عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئاسایی بکاتەوە

و سوود لە پسپۆڕی و شارەزایی ئیسرائیل وەربگرێت، بەتایبەت لە بواری تەکنەلۆژیا و کشتوکاڵدا.

عێراق و ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماتییان لە نێواندا نییە، چونکە تا ئێستاش بەغدا دان نانێت بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا، تەنانەت لەوەتەی دەوڵەتی ئیسرائیل دروستبووە لە ساڵی ١٩٤٨ عێراق جەنگی لە دژی ئیسرائیل ڕاگەیاندووە، لەو کاتەوەش پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە دوژمنایەتیدا بووە، سوپای عێراق بەشداریی شەڕەکانی نێوان ساڵانی ١٩٦٧ و ١٩٧٣ی نێوان عەرەب و ئیسرائیلی کردووە.

لە ساڵی ١٩٨١ و لەکاتی جەنگی عێراق - ئێراندا، ئیسرائیل وێستگەی ئەتۆمیی "تەموز"ی عێراقی لە خۆرهەڵاتی بەغدا بۆردومان کرد، بە بیانووی ئەوەی هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل.

لە سەردەمی جەنگی کەنداو "داگیرکردنی کوەیت" سوپای عێراق ٣٩ موشەکی جۆری "سکۆد"ی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام بەهۆی فشاری ئەمریکاوە ڕێگەنەدرا ئیسرائیل هیچ وەڵامێکی ئەو هێرشانەی عێراق بداتەوە.

ع.م

فەرید یاسین باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆن