سەردێڕ:

بایدن: ئەگەر ببمە سەرۆکی ئەمریکا مامۆستایەکی ژن دەکەمە وەزیری پەروەردە

فۆتۆ: 
2019-07-06

1232 جار خوێندراوەتەوە

جۆ بایدن جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا و یەکێک لە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڵێندیدا، ئەگەر بۆ سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت مامۆستایەکی ژن دەکات بە وەزیری پەروەردە، جەخیشیکردووەتەوە " بەڵام ئەو مامۆستایە خێزانەکەم نابێت".

جۆ بایدن وەکو یەکێک لە کاندیدە بەهێزەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەسەر لیستی دیموکراتەکان دەناسرێت کە بڕیارە ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێوەبچێت، لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی ئاماژەی بەوشکرد، یەکەم بڕیاری وەکو سەرۆکی ئەمریکا بریتی دەبێت لە دانانی مامۆستایەکی ژن بۆ وەزیری پەروەردەی فیدڕاڵی، وتیشی بێتسی دیڤۆس وەزیری ئێستا پەروەردە لە کارەکەیدا بەردەوام نابێت.

بایدن ئەوەشی خستەڕوو، "بۆ رۆژنامەنوسان پێویست بە ترس ناکات، چونکە خێزانەکەم ناکەمە وەزیری پەروەردە".

جیل بایدن ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ جۆ بایدندا هاسەرگیری کردووە و ئێستا مامۆستای بەشی ئینگلیزییە لە زانکۆی باکوری ڤیرجینیا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و سیناتۆرەکان بێتسی دیڤۆس وەزیری ئێستای پەروەدەی ئەمریکا بە پشتیوانی کردن لە خوێندنگەی تایبەت و پشتکردنە خوێندنگەی حکومی تەرتۆمەتباردەکەن.

هـ.ع