سەردێڕ:

ئۆپۆزسیۆن و ئەنجومەنی سەربازیی راگوزەری سودان گەیشتنە ڕێککەوتن

فۆتۆ: 
2019-07-06

921 جار خوێندراوەتەوە

لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سودان ئاشکرایانکرد، لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازیی راگوزەر لە سودان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە قۆناغی راگوزەردا گەیشتن بە رێککەوتن.

مەدەنی عەباس وتەبێژی ھێزەکانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕان کە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەخۆدەگرێت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، بەپێی رێککەوتنەکە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە قۆناغی راگوزەردا، بۆ ماوەی سێ ساڵ و سێ مانگ دەبێت.

وتیشی، لە قۆناغی یەکەمدا، ئەنجومەنی سەربازیی بۆ ماوەی ٢١ مانگ دەسەڵات بەڕێوەدەبات و لە قۆناغی دووەمدا بۆ ماوەی ١٨ مانگ، دەسەڵات لە لایەن ئەنجومەنی مەدەنییەوە بەڕێوەدەبرێت.

مەدەنی عەباس ئاماژەی بەوەشکرد، دوای پێکھێنانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لە ھەفتەی داھاتوودا، کابینەی حکومەتی نوێ و پەرلەمان پێکدەھێندرێن.

لای خۆیەوە خالید عومەر سەرکردە لە ھێزەکانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕان رایگەیاند، حکومەتی نوێ دوور لە پشکپشکێنەی حزبایەتی پێکدەھێنرێت و کەسانی شارەزا و لێھاتوو لەخۆدەگرێت.