سەردێڕ:

کۆنگرێسی ئەمریکا داوای راگرتنی دراوە نوێیەکەی فەیسبووک دەکات

فۆتۆ: 
2019-07-06

2655 جار خوێندراوەتەوە

کونگرێسی ئەمریکا داوای لە کۆمپانیای فەیسبوک کرد کارکردن بۆ پەرەپێدانی دراوە نوێیەکەی "لیبرا" بە خێرایی رابگرێت، بۆ ئەوەی ئەندامانی کۆنگرێس کاتی تەواویان لەبەردەست بێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو "هەڕەشانەی" دراوە نوێیەکە لەسەر بازاڕی دراو لە جیهاندا دروستی دەکات.

لیژنەی ئابوری کونگرێسی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ کۆمپانیای فەیسبوک ئاماژەی بەوەکردووە، دەیانەوێت لە کاریگەرییەکانی ئەو دراوەی بڕیارە کۆمپانیاکە ساڵی ئایندە بیخاتە بازاڕەوە بکۆڵنەوە و کاریگەریەکانیشی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا و دراوی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا هەڵبسەنگێنن.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەری ئەوە هەیە دراوە ئەلیکترۆنییەکەی فەیسبوک خۆی وەکو جێگرەوەی سیستمی دراوی جیهانی لە دەرەوەی سویسراوە پیشان بدات، ئەوەش نەک دەبێتە هەڕەشە لەسەر دۆلاری ئەمریکی و ئاسایشی نەتەوەی، بەڵکو دەبێتە مەترسی لەسەر وەبەرهێنەران و ئابوری جیهانی.

لە وەڵامیشدا وتەبێژی کۆمپانیای فەیسبوک باسی لەوەکردووە، ئەوان لەگەڵ هاوبەشەکانیان دەیانەوێت دراوە نوێیەکە بخەنە بەردەست بەکارهێنەرانی فەیسبوک، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بۆ هەموو پرسیار و روونکردنەوەیەک دەربارەی دراوەکە لەبەردەم کۆنگرێس ئامادەن.

دراوی ئەلیکترۆنی "لیبرا" نوێترین پرۆژە کۆمپانیای فەیسبوکە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە فەرمی کاری پێبکرێت، مارک زوکەربێرگ بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکەش هیوادارە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا چالاکی کارەکانی لیبرا فراوان بێت و ڕێگە بە بەکارهێنەران بدات بتوانن لەڕێگەیەوە پارەی  پێدانی وەسڵ و تەنانەت کڕینی قاوە بدەن.

هاوکات هەندێک لە یاساناسان نیگەرانی خۆیان دەربارەی چالاکییە داراییەکانی ئەم کۆمپانیایە بەتایبەتی دەربارەی کێشەکانی سنوربەزاندنی تایبەتمەندێتی بەکاربەران دەربڕیوە و ڕێگەپێدانی یاسایی و چاودێریکردنی کۆمپانیاکانی لەو جۆرەدا خستووەتەڕوو.

پێشتر کۆمپانیای فەیسبوک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دارایی ئەمریکا و بەریتانیا کۆبوەوە بۆئەوەی مۆڵەت وەربگرێت و کار بە پارەی خۆی بکات.

سیستمی پارەدانی دیجیتاڵی نێتۆرک مامەڵەیەکی داراییە، بە گشتی لامەرکەزیە، بەبێ دەزگاکانی وەک بانکی نێودەوڵەتیی ئەنجام دەدرێت، بیت کۆین لە پارەدانی دیجیتاڵیدا لایەنگری زۆری هەیە و لەدوای ئەو، چەند جۆرێکی تری پارەی دیجیتاڵی کەوتنە بازاڕەوە.

هـ.ع