سەردێڕ:

​دوران کاڵکان: ئامادەین لەگەڵ پارتی و هێزە کوردییەکان پەیوەندیی دروستبکەین

لە چوارچێوەى ڕێککەوتنى ١٩٨٣
فۆتۆ: 
2019-07-06

2995 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگەیاند، لە چواچێوەی رێککەوتنەکەی ساڵی ١٩٨٣دا، ئامادەن لەگەڵ پارتی و هێزە کوردییەکان پەیوەندیی دروست بکەن.

دوران كاڵكان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوز، باسی مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و پەکەکەی کردووە، کە له‌به‌هاری ١٩٨٣ له ‌میانه‌ی سه‌ردانی مەسعود بارزانی بۆ سوریا، ڕێککەوتنێکی نۆ خاڵیی لەنێوان عەبدوڵا ئۆجالان و مەسعود بارزانیدا ئیمزاکراوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە دوای  ئەو ڕێککەوتنە پەیوەندی هەردوولا بووە فەرمی و ڕێککەوتنەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دوای دوو ساڵ لە ژێر فشاری تورکیادا پارتی کشایەوە.

باسی لەوەشکردووە، ئێستاش ئەوان لەچوارچێوەی هەمان ئەو ڕێککەوتنەدا ئامادەن لەگەڵ پارتی و حزبه‌ کوردییه‌كانی دیكه‌دا پەیوەندی دروستبكه‌ن، ئەوەش دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ به‌دیهێنانی یەکێتیی دیموکراتیی نەتەوەیی کورد.