سەردێڕ:

هاتوچۆی هەرێم تا ئێستا خەمڵاندنى بۆ زیانى مادیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ نەکردووە

فۆتۆ: 
2019-07-06

1329 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ ئەوەى ساڵانه‌ ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ، کۆتایى بە ژیانى سەدان هاوڵاتى دەهێنن و هەزارانیش بریندار دەکەن، زیانى مادى زۆریش بە هاوڵاتییان دەگەیەنن، بەڵام تا ئێستا هاتوچۆی هەرێم خەمڵاندنى بۆ زیانى مادیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ نەکردووە

ئه‌سعه‌د مه‌لا كه‌ریم  به‌ڕێوبه‌ری پلاندانان له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌رێم ئاماژەی بەوەکرد، هاتوچۆى هەرێم بە تەنیا زیانە گیانیەکانى هەژمارکردوە و تائێستاش خەمڵاندنى بۆ زیانە مادییەکان نەکردوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم، داهاتی ژینگە و ڕێگاوبان ته‌نیا له‌ نۆ مانگی ساڵی ٢٠١٨دا ٣٢ ملیار و ٣٥٧ ملیۆن و ٨٤٢ هەزار و ٥٠٠ دینار بووە، بەبێ ئەوەى لە چاککردنى رێگاوبان و بوارى ژینگەدا خەرجکرابێت.

ئاسۆ شكاك چالاكوانی بواری ژینگه‌ وتی، جگە لەو زیانە مادییەى بەر ئۆتۆمبێلى هاوڵاتییان دەکەوێت و لەسەر حسابى خۆیان چاکیان دەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆى رووداوەکانەوە  سەدان دارودرەختیش زیانیان بەردەکەوێت.

هەژمارنەکردنى زیانە مادییەکان لەکاتێکدایە کەم رۆژ هەیە رووداوێکى هاتوچۆ روونەدەدات و لەگەڵ گیان لەدەستدان یاخود برینداربوونیشدا ماڵى هاوڵاتییان تیانەچێت.