سەردێڕ:

یونسکۆ شاری بابلی مێژوویی خستە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە

بەشێک لە شوێنەواری مێژوویی بابل لە عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-07-05

1344 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فێرکردن و زانست و ڕۆشنبیری ناسراو بە "یونسکۆ" شوێنەواری شاری بابلی خستە لیستی شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهانەوە، بەڵام ڕێکخراوەکە مەرجی ئەوەی بەسەر عێراقدا سەپاندووە کە پێویستە سەرجەم پاشماوەکانی شارەک پاکبکاتەوە و مۆڵەتی تا ساڵی داهاتووی داوەتە بەغدا بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکان.

وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئەمڕۆ هەینی (٥ی تەموزی ٢٠١٩) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی شوێنەواری جیهانی ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر ئەوەی شار بابل بخرێتە لیستی شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهانەوە و بهێنرێتە دەرەوە لە لیستی ئەو شوێنەوارانەی کە مەترسییان لەسەرە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، نوێنەرانی وڵاتانی گواتیمالا و بۆرکینافاسۆ و ئیسپانیا پشتیوانییان کردووە لەوەی بابل بخرێتە لیستی شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهانەوە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەریەکە لە وڵاتەکانی کوەیت و بەحرەین و موبا و ئازربایجان و ئیندۆنیزیا و بەرازیل، بە هەمان شێوە پشتیوانییان لە بڕیارەکەی یونسکۆ کردووە.

ڕۆژی ١ی تەموز لە باکۆی پایتەختی ئازربایجان کارەکانی ٤٣هەمین خولی لیژنەی شوێنەواری جیهانی بە بەشداریی شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر حەمدانی وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار دەستی بە کارەکانی کرد.

وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ٤ی تەموز لە کۆنگرەی شوێنەواری جیهانی، هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی بۆ پشتیوانی لە دۆسیەی بابل دەستپێکرد.

دوای بڕیارەکەی یونسکۆ، هەر ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عیراق بڕیاریدا بە تەرخانکردنی بڕی یەک ملیار دینار، بە مەبەستی جێبەجێکردنی داخوازییەکی یونسکۆ کە دەبێت لە شاری مێژوویی بابل پەیڕەو بکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر شوێنەواری بابل خرابووە ناو لیستی شوێنەوارەکانی ڕێکخراوی یونسکۆوە، بەڵام بەهۆی یاریکرن بە شوێنە مێژووییەکانی شوێنەوارەکە و دروستکردنەوەی بەشێک لە باڵەخانەکانی بی ئەوەی گوێ بە شێوازی زانستیی بدرێت تیایدا، لە کۆتایی ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕێکخراوەکە ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە.

ع.م