سەردێڕ:

بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە لە ئیدارەی ڕاپەڕین فرۆشیارانی نیگەرانکردووە

فۆتۆ: 
2019-07-05

2150 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان چەندین کەسیان لەسەر ساغکردنەوەی پارەی ساختە دەستگیرکردووە، بەڵام کاسبکاران باس لەوە دەکەن ساڵانە ڕێژەی پارەی ساختە لە بازاڕەکاندا زیاتر دەبێت، بەهۆی زۆریی دۆلاری ساختەشەوە، بەکارهێنانی دۆلار لە بازاڕەکەدا متمانەی کەمبووەتەوە.

عوسمان یەکێکە لەو دوکاندارانەی ماوەی ١٠ ساڵە پێشانگای فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکانی ناوماڵی هەیە، لەو ماوەیەدا چەندجارێک پارەی تەزویری پێدراوە.

بڵاوبوونەوەی پارەی ساختە لە بازاڕەکاندا، نیگەرانیی کاسبکارانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینی لێکەوتووەتەوە و بە تیرۆری ئابوریی دادەنێن، ساڵانەش کوالێتیی دراوە ساختەکان بەرزتردەبنەوە و ناسینەوەیان قورستر دەبێت.

بەپێی وتەی ئەو کەسانەی ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن، پارەی ساختە لە کاغەزێکی ئەستور و نەرم دروستکراوە و فسفۆڕەکەشی زۆر زەقە، ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی ساختەش کاتێک دەخرێتە بەرخۆر ڕەنگی سیمەکەی بە هەر شێوەیەک بسوڕێنرێت هەر سەوزە.

ئیدریس یەکێکە لەو کەسانەی کە زیاتر لە ١٥ ساڵە ئاڵوگۆڕی دراو دەکات و داوا لە هاوڵاتییان دەکات بۆ بنبڕکردنی دراوی ساختە مامەڵە لەو نوسینگانە بکەن، کە ئامێری ناسینەوەی دراوی ساختەیان هەیە.

ئەمساڵ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دوو باندی ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیرکراون و دەست بەسەر بڕی حەوت هەزاریشدا گیراوە، پۆلیسیش باس لەوە دەکات، کە زۆرینەی پارە ساختەکە لە ئێرانەوە هاوردەکراوە.

زۆرترین جۆری پارەی ساختە کە لە بازاڕەکاندا بەدیکراون بریتیبوون لە ١٠٠ دۆلاریی ئەمریکی و ٥٠ هەزار دیناری و ٢٥ هەزار دیناریی عێراقی.

ع.م