سەردێڕ:

سلێمانی.. لە رووداوێکی هاتوچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا

لە نزیک پارکی هەواری شار
فۆتۆ: 
2019-07-05

39447 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سلێمانی، کارزان تارق

کەمێک لەمەوبەر رووداوێکی هاتوچۆ لە نزیک پارکی هەواری شار لە سلێمانی روویدا و بەوهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کەمێک لەمەبەر لە نزیک پارکی هەواری شار رووداوێکی هاتوچۆ روویداوە و یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان چوار سەرنشینی تێدابووە کە ژن و پیاوێک و دوو منداڵ بوون، بەهۆی سەختی برینەکەشیەوە یەکێک لە منداڵەکان گیانی لەدەستداوە.

باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ گەشتوونەتە شوێنەکە و لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری رووداوەکە دەستپێکردووە.

هاوکات ئەمڕۆ لە ڕووداوێکى دیکەی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای سلێمانی ـ عەربەت کەسیك گیانی لەدەستدا و چوارکەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش  (٤ی تەموزی ٢٠١٩)  لە ڕووداوێکی دیکەدا لەسەر رێگای سلێمانی عەربەت لە نزیک كۆگاكانی سوته‌مه‌نی سێ کەس گیانیان لەدەستدا و پێنچ کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بەپێی ئامارەکانیش، لە ١٥ ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانى هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش کەمئەندام و برینداربوون.