سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. مامۆستایەک لە ئەنبار بەهۆی رێگری لە قۆپییەکردن هێرشی کرایەسەر

فۆتۆ: 
2019-07-05

6405 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی مامۆستایەک ڕێگریی کردووە لە قوتابییەک کە لە کاتی تاقیکردنەوەدا قۆپییە بکات، کەسوکارەکەی چوونەتە سەر ماڵی مامۆستاکە و بە بەرچاوی خێزانەکەیەوە لە خۆی و کوڕێکیان داوە.

ئەمڕۆ هەینی (٥ی تەموزی ٢٠١٩) چالاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمارێکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە، کە ژمارەیەک هاوڵاتی بە دار و کوتەکەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی مامۆستایەک لە قەزای هیتی سەربە پارێزگای ئەنبار و، دوای ئەوەی لەگەڵ کوڕێکی لە ماڵی خۆیان دەیهێننە دەرەوە، بە بەرچاوی خێزانەکەیەوە بە نزیکەی دە کەسەوە بە دار و کوتەک دەکەونە گیانیان.

دەربارەی ڕووداوەکە وەزارەتی ناوخۆیی عێراق بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانە بە هێرشکردنە سەر مامۆستاکە و کوڕەکەی دەستگیرکراون و تا ئێستا هەڵمەتی گەڕان و پشکنین بۆ دەستگیرکردنی ئەوانی دیکەش بەردەوامە.

سەعد معەن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو ڕووداوەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، کە لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە هێرش دەکرێتە سەر مامۆستایەک لە قەزای هیتی سەربە پارێزگای ئەنبار، رووداوەکە لەلایەن یاسین تاهیر یاسری وەزیری ناوخۆوە چاودێریی ورد کراوە و پۆلیسی ئەنبار ڕاسپێردراوە بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە زووترین کات بۆئەوەی ڕادەستی دادگا بکرێن، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئەو ڕاسپاردەی وەزیری ناوخۆ، پۆلیسی ئەنبار ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستگیرکردووە و تا ئێستا گەڕان و پشکینین بە شوێن ئەو کەسانەی دیکەدا بە مەبەستی دەستگیرکردنیان بەردەوامە، بۆئەوەی ڕادەستی دادگا بکرێن و سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.

لە ماوەی ڕابردوودا لە چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق ڕووداوی هاوشێوەی ئەوەی پارێزگای ئەنبار دووبارە بووەتەوە و هێرش کراوەتە سەر مامۆستای خوێندنگە و قوتابخانەکان.

ع.م