سەردێڕ:

جیاوازیى سیستمى هاتوچۆ لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتاندا

خراپی رەوشی هاتوچۆ لە هەرێم
فۆتۆ: 
2019-07-05

2231 جار خوێندراوەتەوە

وڵاتە پێشکەوتووەکان چەندین بەرنامە و سیستمى جیاوازیان هەیە بۆ پەرەپێدانی کەرتى هاتوچۆ و کارئاسانییەکی زۆر بۆ هاوڵاتییەکانیان دەکەن، بەڵام لە هەرێمى کوردستاندا، بە جۆرێکى دیکەیە و تا ئێستاش سیستمێکى پێشکەوتوو پەیڕەو نەکراوە.

بەپێی راپۆرتێکی کۆڕبەندی ئابوریی جیهان، پێنج وڵات و هەرێمێک لە جیهاندا خاوەنى باشترین رێگاوبانن لە ساڵی ٢٠١٨دا.

بەپێى ریزبەندییەکە، ئیمارات لە پلەى یەکەمدایە و حکومەت بە دابینکردنی بودجەی پێویستی ساڵانە و بەڕێوەبردنی دروست، بەردەوام رێگاوبان و شەقامەکان گەشەپێدەدات.

سەنگاپورە دووەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان کە باشترین کوالێتیی رێگاوبانی هەیە.

پلەى سێیەمیش بۆ سویسرایە، تۆڕی رێگاوبان و سیستمی فریاکەوتن و سنوردارکردنی خێرایی لەو وڵاتە پەیڕەو دەکرێت.

هەرێمی هۆنگ کۆنگی وڵاتی چینیش، بەهۆى دابینکردنى بودجەی پێویست بۆ رێگاوبانەکانى، وەک تاقە هەرێمێکە لەناو ریزبەندییەکەدا هەیە و پلەى چوارەمى گرتووە.

هۆڵەنداش بەهۆى ئەوەى چەند جۆرێک لە تۆڕی رێگاوبانی هەیە، لەوانەش: شاڕێ، هێڵی شەمەندەفەر، هێڵی لێخوڕینی پاسکیل، پلەى پێنجەمى گرتووە، ژاپۆنیش بە پلەی شەشەم دێت لە ڕێگاوبانی تۆکمە و سەلامەتدا.

ئەگەر لەو وڵاتانە دووربکەوینەوە و بگەڕێینەوە هەرێمى کوردستان، کەرتی هاتوچۆ و ڕێگاوبان هاوشێوەی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی تری وەک کارەبا و پەروەردە و  تەندروستی، بەراورد بە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ئاستێکی خراپدایە، بەو پێیەی چەند ساڵێکە گیانلەدەستدان بە رووداوەکانی هاتوچۆ پێش هەموو هۆکارەکانی تر کەوتووە.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر، له ‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا زیاتر لە هەزار ڕووداوی هاتوچۆ تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە ١٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی هەزار کەسیش برینداربوون.

نورەدین محێدین شارەزای بواری هاتوچۆ باس لەوە دەکات، یەک ئاراستەیی ڕێگاکان و نۆژەن نەکردنەوەیان لەپاڵ ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلدا، هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکانن.

پێشتریش وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێم بڵاویکردەوە، بۆ نۆژەنکردنەوەى بەشێکى پردەکان پێویستیان بە ٤٠ ملیۆن دۆلارە، بەڵام لە ئێستادا بودجەى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە بۆ نۆژەنکردنەوەى ڕێگا سەرەکییەکان مانگانە تەنها ١٢٠ هەزار دۆلارە.

هەرچەندە ساڵانە حکومەت بڕە پارەیەکى زۆر لە شۆفێران وەردەگرێت بە ناوى چاککردنى ڕێگاوبان و شەقامەکانەوە، بەڵام وەک بەشێک لە شۆفێران و هاوڵاتییان دەڵێن، خراپی و دروستبوونى چاڵى گەورە لە شەقامەکاندا ئاماژەن بەوەی پارەکە لە چاککردنى رێگاوبانەکاندا خەرجناکرێن.

هـ.ع



‌بەپەلە