سەردێڕ:

زەریف: هیچ سامانێکم لە دەرەوە نیە و سزاکانی ئەمریکا سودی نابێت

فۆتۆ: 
2019-07-05

2258 جار خوێندراوەتەوە

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگەیاند، له ‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتەکەى سه‌روه‌ت و سامان یان هه‌ژماری بانكیی نییه‌، لەبەرئەوە سزا چاوەڕوانکراوەکانى ئەمریکا کاریگەریى نابێت لەسەرى.

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له ‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی رایگه‌یاندووه‌، هیچ یه‌كێك له ‌لایه‌نه‌كانی رێككه‌وتنى ئه‌تۆمی به ‌سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی رێکكه‌وتنه‌كه ‌خۆشحاڵ نین، ‌به‌ڵام رێككه‌وتنەکە په‌نجه‌ی خستووه‌ته‌سه‌ر بابه‌ته ‌سه‌ره‌كییه‌كان.

وتیشى، له‌به‌ر هیچ شتێك هه‌ست به ‌په‌شیمانی ناكه‌ن، ئه‌وه‌یان قبوڵكردووه‌ كه‌ له ‌رێگه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنەوە نه‌یانتوانیوه ‌سه‌رجه‌م جیاوازییه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ ئه‌و جیاوازییانه ‌لە ‌ده‌ره‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌كه‌ بهێڵنه‌وه‌.

بە وتەى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، رێككه‌وتنەکە له‌سه‌ر بنه‌مای بێ متمانه‌یی هاوبه‌ش دامه‌زراوە، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شە ئه‌وه‌نده ‌درێژ و پڕ ورده‌كارییه‌.

لە دوای هێرش بۆ سەر چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداو و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن پێی نایە قۆناغێکی نوێوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیمزای کرد لەسەر بڕیارێکی جێبەجێکردن بە سەپاندنی گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا، بە دیاریکراوییش بەسەر عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران.

هەفتەی ڕابردووش وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر هەشت ژەنەراڵ و لێپرسراوی باڵای سوپای پاسداران و دامەزراوەی سەربازیی ئێران، هاوکات ناوی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەشی خستە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.

هـ.ع