سەردێڕ:

مەرجەعیەتی شیعەکان: لێپرسراوان بازرگانانی مادەهۆشبەرەکان دەپارێزن

عەبدولمەهدی کەربەلائی نوێنەری مەرجەعیەتی ئایینی لەکاتی پێشکەشکردنی وتاری هەینی لە کەربەلا
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-07-05

952 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری مەرجەعیەتی ئایینی باڵای شیعەکانی عێراق، داوای دانانی یاسایەکی کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی بڵاوکردنەوەی مادەهۆشبەرەکان و ئاماژەی بەوە کرد، کەسانی لێپرسراو لەناو دەوڵەتدا بازرگانەکانی مادەهۆشبەرەکان دەپارێزن.

عەبدولمەهدی کەربەلائی نوێنەری مەرجەعیەتی ئایینی لە وتاری هەینیدا لە کەربەلا ڕایگەیاند، "دیارترین کێشەی کۆمەڵایەتی لە ئێستادا، بریتییە لە تەشەنەکردنی مادەهۆشبەرەکان بە شێوەیەکی خێرا، کە ئەوەش بووەتە مایەی دوودڵی، بەتایبەت تەشەنەکردنی لەناو گەنجاندا."

کەربەلائی وتی، کەسانی بەرپرس لەناو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا هەن بازرگانەکانی مادەهۆشبەرەکان دەپارێزن، بەهۆی ئەو پەیوەندییەشەوە لە سزای یاسا قوتاردەبن، بەتایبەت کە تۆمەتباری مادەهۆشبەرەکان بۆی ئاشکرابووە دەرگاکانی لێخۆشبوون زۆرن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دۆخەکە مەترسیدارە و پێویستی بە بەرپەرچدانەوەیەکی یاسایی توندوتۆڵ و سزا هەیە، لەکاتێکدایە سزاکانی ئێستا سوکن و وەک پێویست نین.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا نوێنەری مەرجەعیەت جەختیکردەوە، بەهۆی بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و نەبوونی هەلی کار و دۆخی سۆزداری، بۆشاییەکی گەورە لەناو گەنجاندا دروستبووە، جگە لەوەش کەموکورتییەکی کۆمەڵگەیی هەیە لە ئاستی قوتابخانە و زانکۆکان و لەدەستدانی هاوسەنگی تیایاندا، چونکە هەموویان بایەخ بە فێربوونی ئەکادیمی دەدەن و هیچ بایەخێک بە فێربوونی پەروەردەیی نادرێت.

ئەو وتانەی مەرجەعیەتی ئایینی شیعەکانی عێراق لەکاتێکدایە، بە شێوەیەکی نیمچە ڕۆژانە هێزە ئەمنییەکان لە چەندین ناوچەی جیاجیای پارێزگاکانی عێراق، هەڵمەتی دەستگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی مادەهۆشبەرەکان بەڕێوەدەبەن.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە و بەهۆی کرانەوەی سنورەکانی عێراق لەگەڵ هاوسێکان، بەتایبەت لەگەڵ ئێراندا، لە سەرجەم دەروازە سنورییەکانەوە هەوڵی هێنانە ناوەوەی مادەهۆشبەرەکان دەدرێت، بە شێوەیەک هەندێک لە پسپۆڕانی ئەمنی ئەو بوارە دەڵێن، لە ئێستادا عێراق بووەتە پردێک بۆ گواستنەوەی مادەهۆشبەرەکان بۆ چەند وڵاتێکی دیکە لە ناوچەکە و جیهاندا.

ع.م