سەردێڕ:

عێراق لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە ژینگەیان پیسە

فۆتۆ: 
2019-07-05

1115 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی نەمبیۆ کە بنکەکەی لە وڵاتی سربیایە لە ڕاپۆرتێکیدا ریزبەندی ئەو وڵاتانەی دیاریکرد کە زۆرترین ڕێژەی پیسبوونی ژینگەیان هەیە و عێراقیش لە ریزی پێشەوەی وڵاتەکاندایە.

بە گوێرەی ریزبەندیەکە کە تیایدا ناوی ١٠٦ وڵات دیاریکراوە، عێراق بە ١٨هەمین وڵات دادەنرێت لەرووی پیسبوونی ژینگەوە.

ماڵپەڕەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، لە عێراق پیسبوونی هەوا لەسەدا ٧٢ پۆینت ٥٠ کە بەڕێژەیەکی بەرز دادەنرێت، هەروەها ئاوی وڵاتەکەش بەڕێژەی لەسەدا ٦٩ پیسبووە، هاوکات ئاماژەش بەوەکراوە کواڵتی پارک و باخچەکانی عێراقیش لە ئاستێکی نزمدایە.

لەو ریزبەندیەدا وڵاتانی مۆنگۆلیا، میانمار و ئەفغانستان بە خراپترین وڵاتانی جیهان دیاریکراون لەرووی ژینگەوە، هەروەها فینلەندا و ئایسلەندا و سویدیش بە خاوەنی پاکترین ژینگە دەستنیشانکراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پیسبوونی ژینگە لەسەر ئاستی جیهان زیادیکردووە بەتایبەت لە وڵاتانی پیشەسازی و پێشکەوتوودا کە سیاسەتی پاراستنی ژینگەیان لاوازە.