سەردێڕ:

ئەندامێکى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان: رێکخەرى گشتى کاندیدەکان یەکلایی دەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-05

2473 جار خوێندراوەتەوە

جڤاتى نیشتمانیى گۆڕان کۆبووەوە و دەسەڵاتی دیاریكردنی كاندیدەکانی دایە دەست رێكخەری گشتیی بزوتنەوەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتى ئەو لیژنەیە خوێندراوەتەوە کە چەند هەفتەیەکە پێکهێنراوە بۆ هەڵسەنگاندنى ئەو سیڤییانەى بۆ پۆستە وزارییەکان پێشکەشکراون و ئەندامانى جڤاتى نیشتمانى گفتوگۆیان لەسەر کردووە.

حەکیم عوبێد ئەندامى جڤاتى نیشتمانیى گۆڕان بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، دەسەڵاتى تەواویان داوەتە رێکخەرى گشتى بۆ یەکلاییکردنەوەى کاندیدەکانى گۆڕان.

وتیشى، لەکاتێکى نزیکدا رێکخەرى گشتى کاندیدەکانى گۆڕان یەکلایی دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە ٤٠ کەس کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە وەزارییانەی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا بەر گۆڕان دەکەوێت.

ڕۆژی ١٢ی تەمووز، ئەو وادە یاساییەی لەبەردەم مەسرور بارزانی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆتایی دێت کە بۆی دیارکرابوو بۆ پێکهێنانی حکومەت، تا ئێستاش لایەنەکان سیڤیی کاندیدەکانیان ڕادەستی مەسرور بارزانی نەکردووە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.