سەردێڕ:

حاکمی دوبەی داوای یاسایی لەسەر شازادە هەڵاتووەکە تۆمارکرد

فۆتۆ: 
2019-07-05

4687 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی بەریتانیا و ئەمریکا جیابوونەوەى هەریەکە لە محەمەد ڕاشد ئال مەکتوم حاکمی دوبەی و هەیا حسین سکاڵای داوای جیابوونەوەیان لەسەر یەکتر تۆ لە دادگای باڵای لەندەن تۆمارکردووە و پرۆسەی جیابوونەوەکەیان دەستیپێکردووە و هەردوولاشیان پارێزەریان بۆ دۆسییەکە گرتووە.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە لە بەریتانیا بڵاویکردەوە، محەمەد ڕاشد ئال مەکتوم حاکمی دوبەی داوایەکی یاسایی لە دژی هاوسەرەکەی هەیا کچی شا حسین لە دادگای باڵای بەریتانیا تۆمارکردووە.

بڕیاریشە داواکە لە لایەن بەشی خێزانەوە لە دادگای باڵای بەریتانیا سەیر بکرێت و دانیشتنەکانی دادگا لە ڕۆژانی ٣٠ و ٣١ ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت.

لە بەیاننامەیەکدا کە لە دادگای باڵای لەندەنەوە دەرچووە ئاماژە بەوە دەکات، دواجار کە سەیری دۆسییەکە کراوە لە لایەن دادوەر جۆر مۆر لە ڕۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ڕابردوودا بووە، بڕیاریشە کێشەکە لەلایەن سەرۆکی داگاکەوە لە ڕۆژ ٣٠ تەموزدا سەیر بکرێت.

پارێزەری حاکمی دوبەی ناوی ، "هیلین وارد ستیوارد"ە، کە یەکێک لە خاوەنی نوسینگەکانی پارێزەرایەتی لە لەندەن، بۆتە بریکاری ناوبراو.

ڕاگەیاندنەکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، بە هەمان شێوە هەیا حسێن هاوسەری حاکمی دوبەی پارێزەرێکى بەناوبانگی دیاریکردووە بۆ دۆسییەکەى بە ناوی شاکلتۆن کە پێشتر  پارێزەری پرۆسەی جیابوونەوەى خێزانی شاهانەی بەریتانیای کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە،  پێدەچێت لە دادگاییەکاندا بڕە پارەیەکی زۆر بدرێتە هەیا حسێن هاوشێوەى جیابوونەوەى هاوسەری فەرهاد ئەحمەدۆف کە یەکێکە لە دەوڵەمەندەکانی ڕوسیا کە چەندین ملیار دۆلاربووە.

هەیا کچی شا حسێن پادشای کۆچکردووی ئوردن داوای مافی پەنابەری لە حکومەتی ئەڵمانیا کردووە و حکومەتی ئەو وڵاتەش بەشێوەیەکی سەرەتایی رەزامەندی دەربڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ئێستادا خێزانی حاکمی دوبەی لە شاری لەندەن دەمێنێتەوە.

هەواڵی هەڵاتنی خێزانەکەی حاکمی دوبەی ئەو کاتە زیاتر بڵاوبووەوە کە مانگی رابردوو لەگەڵ هاوسەرە تەمەن ٦٩ ساڵەکەی لە پێشبڕکێی ساڵانەی تایبەت بە ئەسپ سواری لە بەریتانیا بەیەکەوە نەبینران، لە کاتێکدا ساڵانی پێشتر بەیەکەوە بەشداری ئەو پێشبڕکێیەیان کردووە.

دوای ئەوەش حاکمی دوبەی نیگەرانی و ناڕەزایی لەبەرامبەر بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە میدیاکاندا دەربڕیەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە حاکمی دوبەی خاوەنی شەش هاوسەرە و ٢٣ منداڵی هەیە.

شازادە هەیا تەمەنی ٤٥ ساڵە و خوێندنی لە ژمارەیەک خوێندنگەی تایبەتی لە بەریتانیا تەواو کردووە، هەروەها بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەدەستهێناوە، لە باوکییەوە خوشکی عەبدوڵای کوڕی حسێن، پاشای ئێستای وڵاتی ئوردنە، بەڵام شاژنە عەلیای دایکی ساڵی ١٩٧٧ بە رووداوێکی هاتوچۆ گیانی لە دەستداوە.

 

 


‌بەپەلە