سەردێڕ:

کەشتییەکی نەوتی ئێران لە دەریای ناوەڕاستدا دەستیبەسەرداگیرا

فۆتۆ: 
2019-07-05

4441 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەریایی پەنەما ڕایگەیاند، کەشتی بارهەڵگری نەوتی ئێرانی (گریس ١) کە لەلایەن هێزی دەریایی بەریتانیەوە لە ناوچەی (جەبەل تارق) دەستى بەسەرداگیراوە، لە ٢٩ ی ئایاری ڕابردووەوە ناوی لە تۆمارەکانی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لابراوە.

دەستەکە هۆکاری دەرهێنانی لە تۆمارەکان گەڕاندەوە بۆ ئاگادارییەک کە باس لە بەشداریکردنی کەشتییە ئێرانییەکە دەکات لە پشتگیریکردن لە تیرۆر و ڕەوانەکردنی نەوتی کەشتییەکە بۆ سوریا.

ئەگەرچی کەشتی (گریس ١) ئاڵای پەنەمای لەسەر هەڵکراوە، بەڵام حکومەتی ئێران خۆی بە خاوەنی دەزانێت و ڕەخنەشی لە دەستبەسەرکردنی کەشتییەکە گرتووە لەلایەن بەریتانیاوە و بۆ ئەو مەبەستەش باڵیۆزی بەریتانیای لە تاران بانگهێشت کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١١ ەوە قەدەغەی ڕەوانەکردنی نەوتی بۆ سوریا کردووە، بەڵام جگە لەم کەشتییە هیچ کەشتییەکی تری لە دەریاکان دەستبەسەر نەکردووە.

هاوکات ئەمریکا دەستبەسەرداگرتنى کەشتییە نەوتییەکەى ئێران لە گەروى جەبەل تاریق لەلایەن هێزى دەریایی بەریتانیاوە بە هەواڵێکى زۆر باش دادەنێت و جەختدەکاتەوە لەسەر رێگریکردن لەبازرگانى نەوتى ئێران.