سەردێڕ:

داودئۆغڵو ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت

لەبارەى بوونى زاواکەى بە وەزیر
فۆتۆ: 
2019-07-04

5646 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى پێشووى تورکیا ڕەخنەى لە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرت بەوەى زاواکەى کردووە بە وەزیرى دارایى.

ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆک وەزیرانى پێشووى تورکیا لە وتەیەکیدا ڕایگەیاند، "بیرم دێت ئەوەى کە لە رابردوودا لەبیرمان بوو، پێویستە پەیوەندییە خێزانییەکان لەگەڵ هەڕەمى سەرەوەى دامەزراوەکانى حکومەتدا جیابکرێنەوە."

داودئۆغڵو ئاماژەى بەوەش کرد، پێویستە نزیکایەتى لە پلەى یەکەمى هەڕەمى دەسەڵاتى وڵاتدا نەبێت.

بیرات بیرەق وەزیرى دارایى تورکیا هاوسەرى کچى رەجەب تەیب ئەردۆغانە، دواى وەرگرتنى ئەو پۆستە ڕووبەڕووى ڕەخنەى ناوخۆیى و دەرەکى بوەوە.

ڕەخنەکان دواى دابەزینى لیرەى تورکی زیاتر بوون، بەهۆى تێکەڵبوونى سیاسەت بە کاروانى ئابوورى و بەرنامەى بانکى ناوەندیی تورکیا، بەوەش وەبەرهێنەرە بیانییەکان دەستیانکرد بە کشانەوەی سەرمایەکانیان لەو وڵاتە، نەبادا بەرژەوەندییەکانیان تووشى مەترسى ببێت.

ئەوە یەکەمجار نییە داودئۆغڵو ڕەخنە لە سیاسەتەکانى ئەردۆغان دەگرێت و پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە تورکیا بێ هیوا دەبێت بەهۆى قەیرانى ئابوورییەوە.

داودئۆغڵو کە لەلایەن ئەردۆغانەوە لە ٢٠١٦وە دوورخراوەتەوە و پشتگوێخراوە ڕایگەیاندبوو، تەنها شتێک کە چارەسەرى نییە ئەوە هیوا و ئاواتە و ئەوانەشى هیوا و ئاواتەکانیان لەدەستداوە هیچ داهاتوویەکیان نییە.

ئەوە لەکاتێکدایە، پارتەکەى ئەردۆغان لە دوایین هەڵبژاردنى شارەوانیى ئەستەنبوڵ گەورە شارى تورکیا، تووشى شکست هات لە بەرانبەر پارتى جەهەپە.

ب.ب